ئیسماعیلی: فڕۆكەوانەكەی رەئیسی پێی وتین بچنە سەرو هەورەكەوە

22/05/2024

بەڕێوەبەری نوسینگەی سەرۆك كۆماری كۆچكردوی ئێران چۆنیەتی كەوتنەخوارەوەی هێلیكۆپتەرەكەی ئیبراهیم رەئیسی ئاشكرا كرد. 
لەچاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ كەناڵی فەرمی ئێران غولام موحسین ئیسماعیلی بەڕێوەبەری نوسینگەی سەرۆك كۆماری كۆچكردوی ئێران كە هاوسەفەری بوە لەبارەی رۆژی روداوەكەوە وتی، لەكاتی گەڕانەوەماندا ویستمان بەرەو تەبرێز بڕۆین، كەشوهەوا زۆر ئاسایی بو ئێمە سێ هێلیكۆپتەر بوین یەكێك لە پێشەوە دەڕۆیشت ئێمە بەرزترو ئەوەی كە سەرۆك كۆمارو شاندەكەی تیادا بو نزمتر بو، لەناكاو پەڵەیەك هەوری سپیمان بینی پەڵەیەكی بچوك دیاربو وەك چۆن سفرەیەك لە بیابانێكدا رابخەیت و بیبینی هەر ئەوەندە بو، ئەوكات مستەفەوی كە فڕۆكەوانی سەرۆك كۆمار بو پێی وتین كە لە ناوەندەوە پێیان وتوین بەرزتر بفڕین بۆئەوەی بچینە سەرو هەورەكەو بەردەوامبین لە رۆیشتن، ئێمە سەركەوتین بۆ سەر هەورەكە ژمارەی هێلیكۆپتەرەكەمان 3 بو لە ناوەڕاستدا هێلیكۆپتەری سەرۆك كۆمار بو یەكێكی تریش لەپێشەوە بو لەدوای 30 خولەكە فڕۆكەوانەكەمان گومانی كرد كە فڕۆكەكەی سەرۆك كۆمارمان لەگەڵدا نیە.
ئیسماعیلی وتیشی: فڕۆكەوانەكەمان گەڕایەوە من پرسیم بۆچی دەگەڕێیتەوە وتی هێلیكۆپتەرەكەی مستەفەوی نەهاتوە، چیتر ئێمە كە سەر هەورەكە كەوتین فڕۆكەكەمان نەبینیوە ئەو پەڵە هەورە زۆر قورس نەبو پەڵەیەكی ئاسایی بو لە فڕۆكەكاندا كە ئەم حەڵەتانە رودەدەن ئاگادار دەكرێنەوە كە پشتێنی سەلامەتی ببەستن و ئەگەر لەرزینێك روبدات نەترسن، بەڵام ئەمەیان زۆر ئاسایی بو هیچ شتێك روینەدا ماوەیەكی كەم ئەو پەڵە هەورە نەما ئێمە خوارەوەمان بە رونی دەبینی كاتێك كە گەڕاینەوە بۆ دواوە ئێمە پێمانوابو هێلیكۆپتەرەكە بە ناچاری نیشتۆتەوە، چونكە هەرچەند بە ئامێرەكان بانگ دەكران وەڵامیان نەدەدایەوە، من بە فڕۆكەوانەكەی خۆمان وت كۆتا قسەكردنت كەی بوە لەگەڵیاندا وتی 1 خولەك و 30 چركە پێشتر بوە ئەوكاتەی پێی وتین بچینە سەر هەورەكە، ئێمە كەمتر لە یەك خولەك تێپەڕین و هەورەكە نەما، دوای دیار نەمانیان ماوەیەكی تریش لە ناوچەكە چاودێریمان كرد بەڵام دەنگیان نەبو دواتر پێیان وتین بگەڕێینەوە بۆ ناوەندی فڕۆكەوانی.
بەڕێوەبەری نوسینگەی سەرۆك كۆماری كۆچكردوی ئێران دەشڵێت، دوای گەڕانەوەمان من لە رێگەی تەلەفۆنی فڕۆكەوانەكەوە پەیوەندیم كرد ئایەتوڵڵا ئال هاشم وتاربێژی تەبرێز وەڵامی دامەوە كاتێك خۆم پێناساند ئەو منی دەناسی پێم وت لەكوێی وتی، نازانم لەناو دارستاندام، پێموت چ ناونیشانێك هەیە تا بتوانین بێین وتی نازانم لەلای درەختەوەم، پێم وت هاوڕێكانت چۆنن هەواڵیان دەزانیت؟ ئەویش وتی من هیچ كەسێك نابینم بە تەنهام نازانم چی بوە كەس لەم ناوچەیەی من نیە لەوێدا ئێمە تێگەیشتین كە هێلیكۆپتەرەكە كەوتۆتە خوارەوە ئەوجا داوامانكرد بە زوترین كات تیمەكان بچن تاكو بیاندۆزنەوە، تاكو سێ كاتژمێر دواتریش قسەم لەگەڵ ئال هاشم دەكرد ئەو لە ژیاندا مابو، دوای دۆزرینەوەشیان ئەوە رونبۆوە كە سەرۆك كۆمارو هاوڕێكانی لەدوای روداوەكە دەستبەجێ گیانیان لەدەستداوە.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group