نەوا-
ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی كوردستان ڕایگەیاند: لە بەغدا، مووسڵ و كەركووك، دەست بەسەر زیاتر لە هەزار و 470 كیلۆگرام حەبی كاپتاگۆندا گیراوە و ژمارەیەك بازرگانیش دەستگیر كراون.
ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی كوردستان لە ڕاگەیەندراوێكدا ئاشكرای كرد، لە ماوەی 10 مانگدا لە لایەن بەڕێوەبەرایەتیی نەهێشتنی ماددەهۆشبەرەكان و بە هاوكاریی و هەماهەنگیی بەڕێوەبەرایەتییەكانی دیكە، توانراوە دەیان كەس بە تۆمەتی كڕین و فرۆشتنی ماددە هۆشەبەرەكان كە ژمارەیەكیان بازرگانی نێودەوڵەتیی و دەیان كەسی دیكەش بە تۆمەتی بەكارهێنانی ماددەهۆشەبەرەكان دەستگیر بكرێن.
ئاماژە بەوەشدراوە، لە درێژەی هەڵمەتەكاندا لە ماوەی ئەو 10 مانگەدا، توانراوە دەست بەسەر نزیكەی 600 كیلۆگرام ماددەی هۆشبەر بگیرێت.
باسی لەوەش كردووە، بە هەماهەنگیی لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتیی گشتی نەهێشتنی ماددەهۆشبەرەكانی حكوومەتی عێراق، لە بەغدا، مووسڵ و كەركووك دەست بەسەر زیاتر لە هەزار و 470 كیلۆگرام حەبی كاپتاگۆندا گیراوە و ژمارەیەك بازرگان دەستگیر كران.