نەوا-
مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان وادەیەكی بۆ ناردنی موچەی موچەخۆرانی هەرێمی كوردستان لەلایەن بەغداوە دیاریكردو بەپێچەوانەشەوە هەڵوێست وەردەگرن.
لە كاردانەوەی نوسراوەكەی تەیف سامی وەزیری دارایی عیراق بۆ نەناردنی شایستە داراییەكانی هەرێمی كوردستان، لە راگەیەنراوێكدا مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان بڵاویكردەوە، رای گشتی عیراق و هەرێمی كوردستان ئاگادار دەكەنەوە كە حكومەتی فیدراڵی بەردەوامە لەپێشێلكردنی مافە دەستورییەكانی هەرێمی كوردستان و دوا پێشلكاریشی نوسراوەكەی وەزارەتی داراییە كە دژی دەستورو بنەماكانی رێككەوتنی پێكهێنانی حكومەتە و بەسیاسیكردنی قوتی خەڵكە.
مەكتەبی سیاسی پارتی لەبەشێكی تری راگەیەنراوەكەیدا رایگەیاندوە، ئەم بابەتە لە كۆبونەوەی داهاتووی كۆمیتەی ناوەندیی پارتی لە رۆژی 2/6 دەخەیە بەرباس و بڕیاروەرگرتن، ئەگەر تا پێش جەژنی پیرۆزی قوربان ماف و شایستە داراییەكانی خەڵكی هەرێمی كوردستان رەوانە نەكرێت، هەڵوێستی جدیان دەبێت و رایدەگەیەنن.