نەوا-
شاری سلێمانی لە بەرهەمهێنانی هێلكەو مریشكدا لەپێشینەی پارێزگاكانی عیراقدایەو پرۆژەی ناوخۆییش پەرەی پێدراوە.
قائیمقامیەتی سلێمانی بڵاویكردۆتەوە، بەمەبەستی گفتوگۆكردن لەبارەی بەرهەمی ئاژەڵی و پەلەوەری ناوخۆو هاوسەنگی لەگەڵ پێداویستی بازاڕەكان، ئاوات محەمەد قائیمقامی سلێمانی لەگەڵ لیژنەی دیاریكردنی بەروبومی ئاژەڵی و پەلەوەری كۆبوەوەو جەختی لەسەر پەرەپێدانی پرۆژە ناوخۆییەكان كردەوە، هەر لەكۆبونەوەكەدا باس لەوەكراوە كە سلێمانی لە بەرهەمهێنانی هێلكەو گۆشتی سپی(مریشك) لەپێشینەی پارێزگاكانی عیراقە، بەجۆرێك 14 پرۆژەی بەرهەمهێنانی هێلكەی مریشك لە كاردان كە بەرهەمی ساڵانەیان 650 ملیۆن هێلكەیە.
ئاماژە بۆ ئەوەشكراوە، لە كۆبونەوەكەدا ئاماژە بەوە كراوە كە 12 پرۆژەی هەڵهێنانی جوجك لە سلێمانی هەیەو بەرهەمەكەیان دەنێردرێت بۆ كێڵگە پەلەوەرییەكان، بەجۆرێك لەسنوری سلێمانی 620 كێڵگەی پەلەوەری مۆڵەتپێدراو هەیە، ئاستی بەرهەمهێنانی رۆژانە بەرزە ئەوەش بەشی پێداویستی بازاڕەكانی سلێمانی پڕدەكاتەوەو ساغ دەكرێتەوە، هەروەها رێژەی %60ی بەرهەمەكەش دەنێردرێت بۆ بازاڕەكانی ناوەڕاست و باشوری عیراق.