تائێستا 415 هەزار فەرمانبەر رەزامەندی وەرگرتنی زەوییان بۆ گەڕاوەتەوە

3 رۆژ پێش ئێستا

نەوا-
تائێستا 415 هەزار فەرمانبەر رەزامەندی وەرگرتنی زەوییان بۆ گەڕاوەتەوەو پێش جەژنیش ناوی هەزاران پێشمەرگە دەگەڕێتەوە.
سەربەست مەولود بەڕێوەبەری یاسایی لە وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار رایگەیاندوە، تائێستا لە سەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیران 415 هەزار فەرمانبەرو خانەنشین رەزامەندیان بۆ دەرچوەو ناوەكان رەوانەی شارەوانییەكان كراون بە‌مەبەستی پێدانی زەوی، واتا ئەو 415 هەزار كەسە لەئێستا تەنیا ماوە زەوییان بەسەردا دابەش بكرێت و هەریەكەو لە‌سنوری خۆی سودمەند دەبێت.
راشیگەیاندوە، هەفتەی رابردو لیستێكی دیكە رەوانەی ئەنجومەنی وەزیران كراوە كە ژمارەیان 23 هەزارو 140 كەسەو زیاتریان خانەنشین و وەزارەتەكانی دیكەن، ئەوانەی مابونەوە بەهەر هۆكارێك فۆڕمەكانیان دواكەوتوە لەئێستادا كار لەسەر وەزارەتی پێشمەرگەو خانەنشین دەكەن، مەزەندەش دەكەن 15 هەزار خانەنشین و 26 هەزار پێشمەرگە مابن ئەوانیش رەوانەی سەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیران دەكەن.
سەربەست مەولود باسی لەوەشكردوە، یەكەم لیستی پێشمەرگەكانی یەكەكانی حەفتاو هەشتا رەوانەی سەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیران كراوە كە ژمارەیان نزیكەی 7 هەزار پێشمەرگە دەبێت، پێشبینی دەكەن لە دوو رۆژی داهاتودا پێش هاتنی جەژن ناوەكانیان پەسەند بكرێت و ئەوانیش سودمەندبن لە وەرگرتنی زەوی.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group