نەوا-
وەزارەتی بازرگانیی هەرێم رایدەگەیێنێت، حكومەتی عێراق ئەم ساڵ 400 هەزار تۆن گەنمی بۆ پشكی هەرێمی كوردستان دیاری كردووە، كە بە نرخی فەرمی وەریبگرێت و ئەوانیش داوایان كردووە هەموو گەنمەكە وەربگرێت.
نەوزاد شێخ كامیل بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانیی هەرێمی كوردستان لە لێدوانێكدا رایگەیاند، حكومەتی عێراق ئەم ساڵ 400 هەزار تۆن گەنمی وەكو پشكی هەرێمی كوردستان دیاریكردووە، كە بە نرخی فەرمی وەری بگرێت.
ئاماژەی بەوەشدا، هەردوو وەزارەتی بازرگانی و كشتوكاڵی هەرێمی كوردستان نووسراویان بۆ حكومەتی عێراق كردووە، كە بڕەكە زیاد بكەن، هاوشێوەی جووتیارانی ناوەڕاست و باشووری عێراق مامەڵە لەگەڵ جووتیارانی هەرێمی كوردستان بكات و هەموو گەنمی جووتیاران وەربگرێت، بەڵام تاوەكو ئێستا وەڵامیان نەداونەتەوە.
ئەمە لە كاتێكدایە، بە بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق، ئەو گەنمەی بە شێوازی نوێی ئاودێری بەرهەم هێندرابێت، هەر تۆنێكی بە 850 هەزار دینار وەردەگیرێت، ئەگەر بە شێوازی كۆن ئاودرابێت هەر تۆنێكی بە 800 هەزار دینار وەردەگیرێت.