نەوا-
بریارە ئەمڕۆ ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق كۆبێتەوە و چاوەڕوان دەكرێت پرسی داهاتی نانەوتیی هەرێمی كوردستان، كە پەیوەستە بە مووچەی فەرمانبەران لە ئەگەری یەكلاییبوونەوەی لەلایەن ئەنجوومەنی دەوڵەتەوە، تاوتوێ بكرێت.
بەگوێرەی زانیارییەكان، محەمەد شیاع سوودانی سەرۆك وەزیرانی عێراق، لە پەراوێزی كۆبوونەوەی لوتكەی عەرەبی و ئیسلامی لە قەتەر لەگەڵ وەزیرە كوردەكان كۆبووەتەوە.
لە كۆبونەوەكەی سودانی و وەزیرە كوردەكان، باس لە پرسی مووچە و داهاتی نانەوتیی هەرێم و ڕێككەوتنەكانی نێوان هەولێر و بەغداد كراوە،هەروەها، پێشتر سەرچاوەیەك لە شاندی دانوستانكاری هەرێم ئاماژەی بەوە دابوو، كە ئەگەر ڕێككەوتن نەكرێت، لە شەش مووچەی كۆتایی ساڵ، تەنیا سێ مووچە دابەش دەكرێت و چارەنووسی سێ مووچەكەی دیكە نادیار دەبێت.
لەلایەكی دیكەوە، بڕیارە ئەمڕۆ سێشەممە ئەنجومەنی دەوڵەت، لەبارەی نووسراوەكەی ئەنجومەنی وەزیرانی فیدراڵ، تایبەت بە داهاتە نانەوتییەكانی هەرێمی كوردستان و نانكۆكییەكانی لەگەڵ حكومەتی عێراق كۆببێتەوە.