نەوا-
جێگری سەرۆكی لیژنەی خوێندنی باڵا لەپەرلەمانی عیراق دەڵێت، وەزارەتی خوێندنی باڵای بەغدا ناوی زانكۆ ئەهلییەكانی كوردستانی نەخستوەتە ناو رێبەری زانكۆییەوە.
نەهلە ئەفەندی ئەندامی پەرلەمانی عیراق لەلێدوانێكدا بۆ سایتی فەرمی پارتی رایگەیاندوە، ئەمساڵ رێبەری قوتابی لەلایەن وەزارەتی خوێندنی باڵای عیراقەوە بڵاوكراوەتەوە، بەڵام ناوی هیچ زانكۆیەكی ئەهلی لەهەرێمی كوردستان لەناو رێبەرەكەدا نییە، ئەوەش پێشێلكردنی دەستوری عیراقە چونكە ئەو زانكۆیانە دانپێدانراون.
جێگری سەرۆكی لیژنەی خوێندنی باڵا لەپەرلەمانی عیراق ئاماژەشیكردوە، بەنوسراو سەرۆكایەتی پەرلەمانی عیراقیان ئاگاداركردوەتەوە، ئەوانیش ئاڕاستەی خوێندنی باڵایانكردوە ئەگەر بێت و پێداچونەوە بەرێبەری قوتابیان و خوێندكاراندا نەكرێت و ناوی زانكۆكانی هەرێمی كوردستانیش نەخرێتە ناو رێبەرەكەوە بانگهێشتی وەزیری خوێندنی باڵا دەكەن بۆ پەرلەمان.
جێی ئاماژەیە لێدوانی ئەم پەرلەمانتارە لەكاتێكدایە كە وەزارەتی خوێندنی باڵای عیراق بەنوسراوێك لەبەرواری 15/1/2025 كە نوسینگەی پەرلەمانتار محەمەد جاسم خەفاجی بڵاویكردوەتەوە، تیایدا وەزارەتی خوێندنی باڵای عیراق رایگەیاندوە لە بەرامبەر داننەنان بە زانكۆو كۆلێژە ئەهلییەكانی كەركوك و موسڵ لەلایەن خوێندنی باڵای هەرێمی كوردستانەوە، وەك مامەڵەی هاوشێوە بڕیاریانداوە مامەڵە لەگەڵ دەرچوانی زانكۆو كۆلێژە ئەهلییەكانی هەرێمی كوردستاندا نەكەن.