نەوا-
وتەبێژی كۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عیراق دەڵێت، پرۆسەی دەنگدانی تایبەت بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمان، لە پارێزگاكانی عیراق و هەرێمی كوردستان بە سەركەوتویی دەستیپێكردوە.
جومانە غەلای وتەبێژی كۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عیراق رایگەیاند، لە كاتژمێر 7ی بەیانیی ئەمڕۆ یەكشەممە، پرۆسەی دەنگدانی تایبەت بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمان لە پارێزگاكانی عیراق و هەرێمی كوردستان بە سەركەوتویی دەستیپێكردوەو هیچ كێشەیەكی تەكنیكی لە ئامێرەكاندا روینەداوە.
ئاماژەی بەوەشدا، لە دەنگدانی تایبەتدا، زیاتر لە ملیۆنێك و 300 هەزار دەنگدەر لە هێزە چەكدارەكان مافی دەنگدانیان هەیە، هەروەها كۆمیسیۆنیش 8 هەزارو 109 بنكەی دەنگدانی تایبەتی بۆ هێزە ئەمنییەكان كردوەتەوە.
وتەبێژی كۆمیسیۆن رونیشیكردەوە، هێزە بەشداربوەكان بریتین لە كارمەندانی دەستەی دەروازە سنورییەكان، وەزارەتی ناوخۆی فیدراڵ و وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی كوردستان و هێزەكانی پێشمەرگەو وەزارەتی بەرگری و دەزگای دژە تیرۆری عیراق و دەستەی حەشدی شەعبی.