نەوا-
پارێزگای هەولێر بڵاویكردوەتەوە، كۆبونەوەیەكی تایبەت لە دیوانی پارێزگا ئەنجامدراوە تیایدا چەند رێنماییەكی تایبەت بەمانگی رەمەزانی پیرۆز دەكراوەو جەختكراوەتەوە لە توندكردنی چاودێریكردنی بازاڕو نرخ و كەلوپەل و پێداویستییەكانی هاوڵاتیان و لایەنی پەیوەندیدار چاودێری نرخی بازاڕ دەكەن.
ئاماژە بەوەشكراوە، نابێت رێگە بە هیچ كەسێك بدرێت مانگی رەمەزان بقۆزیتەوە و یاری بە بازاڕ بكات و نرخی خۆراك و كەلوپەل لەسەر هاوڵاتیان گران بكات ئەگەر نا روبەڕوی یاسا دەكرێنەوە، هاوكات رێگا دەگیرێت لە ساغكردنەوەی خۆراكی بێ كوالیتی و ماوەبەسەرچو.
لەكۆبونەوەكەدا ئەوەش خراوەتەڕو، هەر لە مانگی رەمەزاندا دەوامی فەرمی لە دامودەزگاو فەرمانگەكانی حكومەت لەسنوری پارێزگای هەولێر بۆ ماوەی یەك كاتژمێر كەمدەكرێتەوەو لەكاتژمێر 9ی بەیانییەوە دەستپێدەكات، لە مزگەوتەكانیش تەنها لە 10 شەوی كۆتایی مانگی رەمەزاندا دەرگایان كراوە دەبێت تا نوێژی بەیانی و جگە لە پێش نوێژ و وتارخوێنی فەرمی مزگەوتیش هیچ كەسی تر بۆی نییە مەراسیم و چالاكی ئایینی و تەراویح ئەنجام بدات.
جێی ئاماژەیە پێشتریش ئەمیندارییەتی گشتیی ئەنجومەنی وەزیرانی عیراق رایگەیاند كە لە رۆژانی مانگی رەمەزانی پیرۆزدا كاتژمێرێك لە دەوامی فەرمی دامودەزگاكانی حكومەت بۆ فەرمانبەران كەمدەكرێتەوە.