ئاڵۆزیی ناوەندی بڕیار لە تاران؛ ململانێی مانەوە لە نێوان هێرشی دەرەکی و لێکترازانی ناوخۆیی

2 کاتژمێر پێش ئێستا

نەوا-

لە کاتێکدا جەنگێکی چڕ و خوێناوی بۆ ماوەی چوار هەفتەیە لە نێوان ئێران و هاوپەیمانیی ئەمریکا و ئیسرائیل بەردەوامە، وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی ئاماژە بەوە دەکەن کە سەرکردایەتیی ئێران کەوتووەتە ناو بارودۆخێکی بێپێشینەی لێکترازان و سەرلێشێواوی، ئەم جەنگە کە بووەتە هۆی کوژرانی دەیان کەسی یەکەم و فەرماندە باڵاکانی سەربازی و ئەمنی، تەنها زیانی ماددی نەبووە، بەڵکو بە تەواوی توانای حکومەتی تارانی بۆ داڕشتنی سیاسیەتی نوێ و هەماهەنگی بۆ هێرشی پێچەوانەی فراوان سست کردووە.
بەپێی زانیارییەکانی هەواڵگریی ڕۆژئاوا، ئەو سەرکردانەی کە لە ژیاندا ماون، ئێستا لە دۆخێکی دابڕانی تەواودا دەژین و بەهۆی ترسیان لە هاککردنی ئامێرەکان یان بە ئامانجگرتنی شوێنی کۆبوونەوەکانیان، ناتوانن پێکەوە کۆببنەوە، ئەمەش بووەتە هۆی دروستبوونی جۆرێک لە "ئیفلیجیی سیاسی" لە ناوەندی بڕیاردانی نیشتمانییدا.


لەلایەکی دیکەوە، دیمەنی دەسەڵات لە ناوخۆی ئێراندا گۆڕانکاریی گەورەی بەسەردا هاتووە، بەرپرسانی ئەمریکی جەخت دەکەنەوە کە باڵی توندڕەوی ناو "سوپای پاسداران" ئێستا دەسەڵاتی ڕاستەقینەیان لەدەستدایە و هەژموونیان تەنانەت بەسەر سەرکردایەتییە ئایینییە ڕەسمییەکەشدا سەرکەوتووە. ئەم گۆڕانکارییانە دوای ئەوە هاتن کە هێرشە ئاسمانییەکانی ئیسرائیل بارەگای سەرەکیی سەرکردایەتییان کردە ئامانج و بەهۆیەوە عەلی خامنەیی و ژمارەیەکی زۆر لە بەرپرسانی ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانی کوژران. هەرچەندە باس لەوە دەکرێت کە موجتەبا خامنەیی وەک جێگرەوە دەستبەکار بووە، بەڵام هەواڵگرییەکان گومانیان هەیە کە ئەو تەنها وەک ناو مابێتەوە و بەهۆی برینداربوونی لە جەنگەکەدا، دەسەڵاتی ڕاستەقینە لە دەستی فەرماندەکانی سوپای پاسداراندایە. ئەمەش وای کردووە کە دانوستانکارانی ئێرانی لەبەردەم جیهاندا نەزانن کێ خاوەنی بڕیاری کۆتاییە و تا چ ئاستێک دەتوانن سازش لەسەر مەرجەکانی ڕێککەوتن بکەن.
لەسەر ئاستی سەربازی، هەرچەندە ئێران پێشتر سیستەمێکی "لامەرکەزی" بۆ فەرماندەیی جەنگ داڕشتبوو تاوەکو فەرماندە ناوخۆییەکان بتوانن بەبێ گەڕانەوە بۆ تاران بڕیاری هێرش بدەن، بەڵام ئێستا ئەمریکا ستراتیژییەتی گۆڕیوە بۆ ڕاوکردنی ئەو فەرماندە ناوخۆییانەش تاوەکو سەرچاوەکانی هێز بە تەواوی وشک بکات.


لەم نێوەندەدا، دۆناڵد ترەمپ بە زمانێکی هەڕەشەئامێزەوە داوای ڕێککەوتنی خێرا دەکات و دەڵێت کە ئەگەر تاران نەێتە سەر مێزی گفتوگۆ، هێرشەکان دەگەنە ئاستی وێرانکردنی کەرتی وزە و دەستبەسەرداگرتنی دوورگەی "خارک" کە دەمارەبڕی ئابووریی ئێرانە، ترەمپ ئاماژە بەوە دەکات کە ئێستا ڕووبەڕووی "جۆرێکی جیاواز لە خەڵک" بووەتەوە لە ئێران و پێی وایە ئەمە گۆڕینی ڕژێمە بە کردەیی، چونکە سەرکردایەتییە نوێیەکە دوای شکستی سەربازی، هێشتا لە نێوان پاڕانەوە بۆ ڕێککەوتن و نیشاندانی توندیی میدیایی لە ململانێدایە.
بە کورتی، ئێران ئێستا لەبەردەم تاقیکردنەوەیەکی مێژووییدایە، یان دەبێت بە یەکدەنگییەوە بچێتە ناو ڕێککەوتنێکی پڕ لە سازش، یان ڕووبەڕووی لێکترازانی زیاتری ناوخۆیی و هێرشی وێرانکەری دەرەکی ببێتەوە کە ڕەنگە نەخشەی سیاسیی وڵاتەکە بە تەواوی بگۆڕێت.

شەپۆلەکانی نەوا

  • زۆرترین خوێندراو
  • دواترین هەواڵ
Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group