هەرێمی كوردستان لە دۆخی ئاسایشی ئاو لە ساڵێكی سەلامەتدایە

2 کاتژمێر پێش ئێستا
نەوا-
هیوا عەلی وتەبێژی وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو ڕایگەیاند، لە كۆی ئەو 25 بەنداوەی لە هەرێمی كوردستان هەن (گەورە و بچووك و مامناوەند)، 22 بەنداو بەهۆی زۆریی ڕێژەی بارانبارینی ئەمساڵەوە بەتەواوی سەرڕێژیان كردووە.
ئاماژەی بەوەشدا، ئاستی ئاوی هەر سێ بەنداوی دوكان، دەربەندیخان و گۆمەسپان زۆر زیادیكردووە، بەڵام بەهۆی كاریگەریی وشكەساڵیی ساڵانی پێشووەوە هێشتا سەرڕێژیان نەكردووە.
باسی لەوەشكرد، هەر بەهۆی زۆریی ڕێژەی بارانبارین و ئەو گۆڕانكارییانەی لە كەشوهەوادا ڕوویانداوە، جگە لە بەنداوەكان، سەرجەم پۆند و ڕێڕەوە ئاوییەكان لە هەرێمی كوردستان بووژاونەتەوە، بەمەش زیاتر لە حەوت ملیار مەترسێجا ئاو كۆكراوەتەوە.
ڕاشیگەیاند، پلانی وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو بەو جۆرەیە تا كۆتایی مانگی پێنج، بەردەوام دەبێت لە كۆكردنەوەی ئاو.
وتەبێژی وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو وتیشی، بەهۆی زۆریی ئاستی ئاوی كۆكراوە لە بەنداو و پۆندەكان، دەتوانین بڵێین هەرێمی كوردستان لە دۆخی ئاسایشی ئاو لە ساڵێكی سەلامەتدایە، هەروەها لە بواری كشتوكاڵ و چەندین بواری دیكەدا سوودێكی زۆر لەو سەرچاوانەی ئاو وەردەگیرێت.

شەپۆلەکانی نەوا

  • زۆرترین خوێندراو
  • دواترین هەواڵ
Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group