وەزارەتی پەروەردە گۆڕانكاری لە شێواز و رەنگی جلوبەرگی قوتابیان دەكات

4 کاتژمێر پێش ئێستا
نەوا-
ئالان حەمەسەعید وەزیری پەروەردەی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە كۆنفرانسێكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، بۆ ساڵی خوێندنی 2026-2027 شێواز و رەنگی جلوبەرگی قوتابیان لە باخچەی منداڵانەوە تاوەكو قۆناخی 12ی ئامادەیی دەگۆڕدرێت.
باسی لەوەشكرد، ئەم راگەیاندنە پێشوەختەیە بۆ ئەوەی بازرگانان و ناوەندەكانی خوێندن كاتی پێویستیان لەبەردەستدا بێت و هیچ زیانێكی داراییان بەرنەكەوێت.
وەزیری پەروەردە ئەوەشی خستەروو، ئەم پڕۆسەیە بە هیچ جۆرێك قۆرخكاری تێدا نییە و هەر بازرگانێك دەتوانێت بەپێی ئەو دیزاین و مواسەفاتانەی دیاریكراون، جلوبەرگەكان هاوردە بكات یان دروستیان بكات.
باسی لەوەشكرد، هیچ بەڕێوەبەرێكی قوتابخانە مافی ئەوەی نییە دایك و باوكی قوتابی ئاراستە بكات بۆ كڕینی جلوبەرگ لە شوێن یان كۆمپانیایەكی دیاریكراو، بەڵكو دایك و باوك ئازادن لە هەر شوێنێك بیەوێت جلوبەرگەكە بۆ منداڵەكانیان دابین بكەن.
سەبارەت بە پارچەكانی جلوبەرگەكە، تەنیا 3 پارچە دەبێت (پانتۆڵ، تیشێرتی قۆڵكورت و تیشێرتی قۆڵدرێژ) وەك یەكپۆشی دیاریكراون، وەزارەتی پەروەردە بۆ كەمكردنەوەی تێچوو، قەمسەڵە و جلوبەرگی وەرزشی لە ناو پڕۆسەی یەكپۆشی دەرهێناوە.
رەنگەكان بە پێی قۆناخەكانی خوێندن بەم شێوەیە دیاریكراون:
باخچەی منداڵان: تیشێرتی پرتەقاڵی و پانتۆڵی نیلی.
قۆناخی 1 تاوەكو 6ی بنەڕەتی: تیشێرتی مارۆنی و پانتۆڵ یان تەنوورەی نیلی.
قۆناخی 7 تاوەكو 9ی بنەڕەتی: تیشێرتی نیلی و پانتۆڵ یان تەنوورەی رەساسی.
 قۆناخی 10 تاوەكو 12ی ئامادەیی: تیشێرتی رەساسی و پانتۆڵ یان تەنوورەی رەش.

شەپۆلەکانی نەوا

  • زۆرترین خوێندراو
  • دواترین هەواڵ
Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group