گازی سارین GB - Sarin و چەند زانیارییەك

ئیسلام چالی

05/04/2020

دەنگۆی بەكارهێنانی گازی سارین لە عیراق و كوردستان و ئێران لەلایەن وڵاتە زلهێزەكانەوە درۆیەكی شاخدارە، ئەسڵ و ئەساسی نییە.
گازی سارین گازێكی كیمیاویە، بەشێوەی شل و غازیش هەیە، كاریگەری لە سەر دەمار و مێشك (ئەعساب)ی مرۆڤ دەكات، ئەم گازە وەك چەكێكی كیمیاوی دادەنرێت لە بواری سەربازیدا، لەسەرئاستی جیهان بە چەكێكی كۆمەڵكوژ دادەنرێت و قەدەغەیە بەكاربهێنرێت. لە ساڵی 1938 لە ئەڵمانیا بۆ یەكەمجار دۆزرایەوە.
گازی سارین بێ بۆن و بێ تام و بێ رەنگە، لە هەوا قورسترە و لە شوێنە نزمەكان دەمێنێتەوە، توانای بڵاوبوونەوەی زۆری نییە، بۆ خۆپاراستن لێی باشترە بچیتە شوێنە بەرزەكان نەك لە ژوورەوە خۆت حەشار بدەیت.
هەڵمژینی ئەم گازە یان بەر پێست كەوتنی دەبێتەهۆی تێكدانی مێشكی مرۆڤ، وەستانی دڵ و كۆئەندامی هەناسە، نیو میلیگرام بەسە بۆ كوشتنی كەسێك.
نیشانەكانی بەركەوتووی گازی سارین:
شەلەل، گرژبوونی ماسولكە، ژانە سەرێكی زۆر، بچوك بونی بیلبیلەكانی چاو، ئارەقەكردن، تەشنوج، كۆكە و تەنگەنەفەسی، ئاوی لوت و فرمێسكی چاو، سوتانی پێست، میزكردن و سكچوون و رشانەوە، خێرایی لێدانی دڵ ... لە ئەنجامی هەموو ئەم كاریگەریانە، دەبێتەهۆی مردنی مرۆڤ و گیانلەبەران.
بۆیە، بەهیچ شێوەیەك گازی سارین توانای بڵاوبونەوەی نییە لە مرۆڤێك بۆ مرۆڤێكی تر وەك ڤایرۆسی كۆرۆنا. ئەوەی كەمێك شارەزایی هەبێت دەزانێت جیاوازی نێوان گازە كیمیاوییەكان و ڤایرۆس چییە، ئەگەر گازی سارین دژی شارێك بەكاربهێنرێت دەستبەجێ شارەكە هەموی وێران دەبێت خەڵكێكی زۆر دەمرێت، نەك لە كەسێكەوە بۆ كەسێكی تر بگوازرێتەوە.
بەداخەوە، هەندێك پەیج و ئەكاونت بۆ دەستهێنانی لایك و كۆمێنێت ئەم جۆرە پۆستە درۆیانە بڵاودەكەنەوە بۆ ترساندنی خەڵك.
لێرەوە، داوا لە پیشمەرگە قارەمانەكان و برا پۆلیس و ئاسایش دەكەین بەردەوام بن لە جێبەجێكردنی رێنماییەكان هیچ مەترسیەك لەسەرتان نییە، ئەو هەواڵانەی بڵاودەكرێنەوە راست نین و هیچ بنەمایەكی زانستییان نییە.
شایەنی باسە، گازی سارین لەلایەن رژێمی سەدام حسین لە شاری هەڵەبجەی شەهید بەكارهێنرا، هەروەها بەپێی زانیارییەكان رژێمی بەشار ئەسەد دژی خەڵكەكەی خۆی لە سوریا بەكاریهێناوە.
تكایە پابەندبن بە ڕێنماییەكان

سریەی بەرگری كیمیاوی وەزارەتی پێشمەرگە
4 ی نیسان 2020

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group