لۆگۆیەكی نوێ بۆ سەرۆكایەتیی شارەوانیی سلێمانی پەسەند كرا
4 کاتژمێر پێش ئێستا
نەوا-
شارەوانیی سلێمانی لە راگەیندراوێكدا رایگەیاند، پاش 26 ساڵ لە هەڵگرتنی ناسنامەی بینراوی سەرۆكایەتیی شارەوانیی سلێمانی و بەشداری لە دروستكردنی وێنەیەكی ئەرێنی بۆ خستنەڕووی كار و چالاكییەكانی دامەزراوەكە، هاوكات لەگەڵ پێداویستییەكانی سەردەمی نوێ و گۆڕانكارییەكانی بواری پەیوەندی و ڕاگەیاندن، لۆگۆیەكی نوێ و هاوچەرخ بۆ سەرۆكایەتیی شارەوانیی سلێمانی پەسەند كرا.
ئاماژەی بەوەشدا، ئەم بڕیارە بە پشتبەستن بە بڕیاری ئەنجومەنی شارەوانیی سلێمانی لە كۆبوونەوەی ڕێكەوتی 6ی ئایاری 20269 هاتە ئەنجامدان، بۆ ئەوەی ناسنامەی بینراوی دامەزراوەكە زیاتر لەگەڵ پێوەرەكانی گرافیك دیزاین و داواكارییەكانی پلاتفۆرمە دیجیتاڵی و تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانی ئەمڕۆ هاوتەریب بكرێت.
شارەوانی سلێمانی باسی لەوەشكرد، لۆگۆ نوێیەكە بۆ بەكارهێنان لە هەموو نووسراوە فەرمییەكان، پەیامە ڕاگەیاندراوەكان و چالاكییەكانی سۆشیاڵ میدیای سەرۆكایەتیی شارەوانیی سلێمانی و بەڕێوەبەرایەتییەكانی تەرخان كراوە.
شایانی باسە كە لۆگۆی كۆن لە سەردەمێكدا دروست و پەسەندكرابوو كە هێشتا تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان و میدیای دیجیتاڵی بە ئاستی پێشكەوتوویی ئێستا نەگەیشتبوون، هەروەها لە كاتی دیزاینكردنیدا هەندێك لە بنەما و ستانداردە هاوچەرخەكانی گرافیك دیزاین ڕەنگدانەوەی تەواویان تێدا نەكرابوو، سەرەڕای ئەوە، لۆگۆی كۆن بۆ ماوەی 26 ساڵ وەك ناسنامەی فەرمی و مێژوویی سەرۆكایەتیی شارەوانیی سلێمانی خزمەتی كردووە و بەشێكی گرنگ بووە لە مێژوو و یادەوەری دامەزراوەكە.
جەخت لەوەشكراوەتەوە، لەگەڵ دەستپێكردنی قۆناغی نوێی ناسنامەی بینراوی شارەوانیی سلێمانی، لۆگۆی كۆن بە ڕێز و شكۆی تەواوەوە لە ئەرشیفی فەرمی دامەزراوەكەدا پارێزراو دەبێت و وەك بەڵگەیەكی مێژوویی و بەشێكی گرنگ لە میراتی كارگێڕی و خزمەتگوزاریی شارەوانی بەبایەخەوە لێی دەڕوانرێت.