ماركا: میسی لە ناخۆشترین خەونیدا دەژی

19/09/2020 وەرزش

نەوا
رۆژنامەیەكی ئیسپانی بڵاویكردوەتەوە، لیۆنێل میسی بەهرەمەند لە خراپترین خەونیدا دەژی لە بەرشەلۆنە، ئەوەش دوای ئەوەی ناچاركرا بمێنێتەوە و بەرگری لە پرۆژەیەك بكات، كە بڕوای پێی نییە.
رۆژنامەی ماركا لە راپۆرتێكدا بڵاویكردوەتەوە، بەردەوامبونی میسی لە یانەی بەرشەلۆنە باش نییە نە بۆ خۆی نە بۆ یانەكەی و ئەنجامێكی خراپتریان دەداتێ‌، بەتایبەتی دوای چەند مانگێك لە كێشمەكێش و ناكۆكی.
هێمای بۆ ئەوەشكردوە، پێویستە میسی بمێنێتەوە سەرەڕای ئەوەی خۆی نایەوێت و پێویستە بەرگری لە پرۆژەیەك بكات، كە بڕوای پێی نییە، بۆیە ئەوە خراپترین سیناریۆیە لە كاروانی وەرزشیدا.
بەپێی رۆژنامەكە، پەیوەندییەكی باش لەنێوان میسی و جۆسێب ماریا بارتۆمیۆی سەرۆكی یانەكە بونی نییە، سەرەڕای ئەوەش لەگەڵ كۆمانی راهێنەردا ناگونجێت، سیناریۆیەكی لەوە خراپتر بۆ میسی نییە، چونكە ئەگەر بەرشەلۆنە وەرزی نوێ‌ بە خراپی دەستپێبكات ئەوا بۆ میسی ئاسان نابێت و ناتوانێت زاڵ بێت بەسەریدا.
رۆژنامەكە پێی وایە، ئیدارەدانی نوشوستیەكان عەقڵیەتی تیمێكی براوە دروستدەكات و دەبێتەهۆی ئەوەی ئاشتی باڵ بەسەر بەرشەلۆنەدا بكێشێت، ئەگەر میسی بتوانێت یانەیەكی گونجاوتر بۆ بەردەوامبونی كاروانی وەرزشی بدۆزێتەوە ئەوا بێگومان بەردەوامبونی لە بەرشەلۆنە خراپترین بژاردەیە، بۆچونی ئیدارەی یانەكە و هاندەرانیش هەرچۆنێك بێت بەهیچ شێوەیەك مانەوەی ئەستێرە ئەرجەنتینییە مژدەیەكی خۆش نییە بۆ یانەكە بەتایبەتی لە بارودۆخی ئێستادا.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group