پارێزەری یەكێك لە تۆمەتبارەكان: ماڕادۆنا كوژراوە

17/06/2021 وەرزش

نەوا-
پارێزەری یەكێك لە تۆمەتبارەكانی كەیسی مردنی دیێگۆ ئەرماندۆ مارادۆنا، ئەفسانەی تۆپی پێی ئەرجەنتینی دەڵێت، بە دڵنیاییەوە مارادۆنا لەسەر دەستی دكتۆرەكانی كوژراوە.
رۆدوڵفۆ باكیە پارێزەری "داهیانا مەدرید" ئەو ژنە پەرستارەی بۆ مارادۆنا دانرابوو و لە ئێستاشدا یەكێكە لە تۆمەبارەكان و لەژێر لێكۆڵینەوەدایە بە رۆژنامەنوسانی وتووە "مارادۆنا كوژراوە، كاتێك چارەسەری نەخۆشی دڵی وەرگرتووە، لە هەمان كاتدا پزیشكەكانی دەرمانی دەروونیان بۆ نوسیوە كە خێرایی لێدانی دڵی زیاد كردووە".
ئاماژەی بەوەشداوە، مارادۆنا بارودۆخی تێكچووە و كەوتووە، پەرستارەكەی داوای پشكنینی بۆ كردووە، بەڵام یەكێك لە كەسە نزیكەكانی رێگەی بەوە نەداوە ئەوەش بۆ خۆلادان لە قسەی رۆژنامەنوسان".
باكیە باسی لەوەشكردووە، بەرپرسیارێتییەكە لەسەر شانی ئەو پزیشكانەیە چارەسەریان كردووە، چونكە چەندین ئاماژە هەبوون بۆ ئەوەی كە مارادۆنا رۆژێك یاخود دوانی تر دەژی و دەمرێت، بەڵام پزیشكەكان پشتگوێیان خستووە و هیچ شتێكیان نەكردووە بۆ رێگەگرتن لەوە.
جەختیلەوەشكردووەتەوە، پەرستارەكەش كە ئێستا بە تۆمەتی كوشتنی بە ئەنقەست لێكۆڵینەوەی لەگەڵ دەكرێت رێنمایی پزیشكەكانی جێبەجێ كردووە، ئێستاش داهیانا لەگەڵ پزیشكەكانی هەڵمەتێكیان لە دژی دەستپێكردووە.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group