سوپای ئێران بنكەكانی ئەمریكایان لە قەتەر و بەحرەین و كوەیت كردە ئامانج

1 کاتژمێر پێش ئێستا
نەوا-
پەیوەندییە گشتییەكانی سوپای ئێران ڕایگەیاند، لە وەڵامی هێرشەكانی سوپای ئەمریكا بۆ سەر چەند ناوچەیەكی وڵاتەكەیان و یەكەكانی سوپا، بە ژمارەیەكی زۆر لە فڕۆكەی بێفڕۆكەوانی هێرشبەر پێگە و ناوەندە ستراتیژییەكانی ئەمریكایان لە ناوچەكە كردووەتە ئامانج.
لە ڕاگەیەندراوەكەی سوپای ئێراندا ئاماژە بەوەدراوە، كاتژمێرێك لەمەوبەر و لە درێژەی هێرشەكانی سوپای كۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ سەر پێگەكانی ئەمریكا لە ناوچەكە، بە قەبارەیەكی گەورە لە جۆرە جیاوازەكانی فڕۆكەی بێفڕۆكەوانی وێرانكەر، هێرشیان كردووەتە سەر سیستەمی پاتریۆت لە كوەیت، (وێستگەی ئاگاداركردنەوەی پێشوەختە) لە قەتەر، هەروەها كۆگاكانی سووتەمەنی سوپای ئەمریكا لە بەحرەین.
هێزە چەكدارەكانی كۆماری ئیسلامیی ئێران جەختیان لەوە كردووەتەوە، لەژێر فەرماندەیی باڵادا، بەوپەڕی هێزەوە ڕووبەڕوو دەبنەوە و بەهیچ شێوەیەك ڕێگە نادەن ئامانج و ئارەزووەكانی سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا بێنە دی، هەروەها تا سەركەوتنی كۆتایی بەرگری لە ئامانجەكانی شۆڕشی ئیسلامی دەكەن.

شەپۆلەکانی نەوا

  • زۆرترین خوێندراو
  • دواترین هەواڵ
Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group