پۆلیسی سلێمانی: تۆمەتبارێك دەستگیركرا كە بڕی 8 قاڵب زیوی دزیبوو

2 کاتژمێر پێش ئێستا

نەوا-
مەفرەزەكانی نوسینگەی نەهێشتنی تاوانی راپەڕینی سەر بە بەشی پۆلیسی نەهێشتنی تاوانی سلێمانی، تۆمەتبارێكیان دەستگیركرد كە بڕی 8 قاڵب زیوی دزیبوو (كە دەكاتە هەشت كیلۆگرام)
بەپێی راگەیەندراوێكی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی، دەستگیركردنی تۆمەتبارەكە دوای ئەوە هات كە هاوڵاتییەك سكاڵای لە نوسینگەی نەهێشتنی تاوانی راپەڕین تۆماركرد بەوەی 8 قاڵب زیوی لێدزراوە.
دوای وەرگرتنی بڕیاری دادوەر و كۆكردنەوەی زانیاری پێویست، مەفرەزەكانی پۆلیس توانینیان تەنها لە ماوەی یەك كاتژمێردا دوای تۆماركردنی سكاڵاكە تۆمەتبارەكە بدۆزنەوە و دەستگیری بكەن.
پۆلیسی سلێمانی باسی لەوەشكرد، لە كاتی گەڕان و پشكنیندا توانراوە دەست بەسەر 5 قاڵب لەو زیوە دزراوەدا بگیڕێت.
ئاشكراشكراوە، تۆمەتبارەكە ناوی (ن، ح، ح)ە و لەدایكبووی ساڵی 1999یە، لە ئێستادا بەبڕیاری دادوەر و بەپێی ماددەی (444) لە یاسای سزادانی عیراقی راگیراوە و لێكۆڵینەوە لەگەڵیدا بەردەوامە.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group