لەسەر نەوتی ماڵان هەڕەشە لە چوار پارێزگارەكەی هەرێمی كوردستان دەكرێت

09/11/2019

نەوا
غالب محەمەد پەرلەمانتاری كورد لە بەغدا هەڕەشە لە پارێزگارەكانی هەرێمی كوردستان دەكات ئەگەر نرخی ئەو نەوتەی بەسەر هاووڵاتیاندا دابەشیدەكەن، كەمینەكەنەوە، دەیانداتە دەستەی دەستپاكیی عیراق.
غالب محەمەد ئەندامی فراكسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی عیراق لە راگەیەندراوێكدا، ئاماژە بە لێدوانێكی فرسەت سۆفی پارێزگاری هەولێر دەدات، كە رایگەیاندبو، لەبەر بەرژەوەندیی هاووڵاتیان بڕیاریانداوە بڕی 5 هەزار دینار لە نرخی بەرمیلێك نەوت كەمبكەنەوە، كە بەسەر ماڵاندا دابەشیدەكەن. لەوبارەیەوە پەرلەمانتارەكە دەڵێت "پارێزگاری هەولێر پیاوەتی بە ئاوی حەمامەوە دەكات، چونكە ئەو نەوتەی لەلایەن حكومەتی عیراقە بۆ ماڵان دابینكراوە، نرخی 216 لتر نەوتی سپی دەكاتە 31 هەزار دینار، كە حكومەتی عیراق وەك پاڵپشتی ناردویەتی بۆ پارێزگاكانی هەرێم".
دەشڵێت "لە هەرێم ئەو نەوتەی دەنێردرێت بۆ هاووڵاتیان، تێكەڵ بە نەوتی كوالیتی خراپ دەكرێت و بەنرخێكی گرانتر دەیدەن بە هاووڵاتیان".
هەروەها غالب محەمەد پەرلەمانتاری عیراق داوا لە هەر چوار پارێزگاكەی هەرێم دەكات نەوت بە نرخەكەی خۆی بدەن بە هاووڵاتیان و لەوڕوەوە دەڵێت "ئەگەر بەو نرخە نەبێت، ناچارمان دەكەن ناوی هەر پێنج كۆمپانیاكە و چوار پارێزگارەكە بە راپۆرتێك بدەین بە دەستپاكیی عیراق بۆئەوەی لێكۆڵێنەوە لەو گەندەڵییە بكەن".
 


شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group