هەڵەبجە.. قەدەغەی هاتوچۆ بۆ 72 كاتژمێری تر درێژكرایەوە

17/03/2020
نەوا
لە سنوری پارێزگای هەڵەبجە قەدەغەی هاتوچۆ بۆ 72 كاتژمێری تر درێژكرایەوە.
ژوری روبەڕوبونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا لە پارێزگای هەڵەبجە بڕیاریدا قەدەغەی هاتوچۆ لە كاتژمێر 12 ی ئەمشەوەوە تا 72 كاتژمێری تر درێژبكرێتەوە.

راگەیەنراوی كۆبوونەوەكە
بەسەرپەرشتی ئازاد تۆفیق پارێزگاری هەڵەبجە و بە ئامادەبوونی ئەندامانی ژووری ڕووبەرووبونەوەی ڤایروسی كۆڕۆنا ،ژوورەكە كۆبوونەوەبڕیار و ڕێنمایی و ڕاسپاردەكانی پارێزگای هەڵەبجە ، كە لە كۆبوونەوەی ڕۆژی (١٧/٣/٢٠٢٠ )پەسەند كران
لەبەر ڕۆشنایی ڕێنماییەكانی هەردوو وەزارەتی ناوخۆ و تەندروستی لە هەرێمی كوردستان و بۆ زیاتر پاراستنی تەندروستی كۆمەڵانی خەڵك و هاووڵاتیانی پارێزگای هەڵەبجە ، بۆ هەڵمەتی ڕووبەڕووبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا ، لیژنەی ئۆپەراسیۆنی پارێزگا ئەم بڕیار و ڕێنمایی و ڕاسپاردانەی خوارەوەی پەسەند كرد :
١ – بڕیاردرا بە درێژ كردنەوەی قەدەغەی هاتووچۆ لە سنووری پارێزگای هەڵەبجە ، بۆ ماوەی ٧٢ كاتژمێری دیكە ، واتە لە كاتژمێر ١٢ی شەوی ١٧-١٨/٣/٢٠٢٠ تا كاتی دیاری كراو .
٢ – سەرجەم سەمونخانە و نانەواخانە و دەرمانخانەكان بە پێی ڕێنماییە تەندروستییەكان كراوە دەبن .
٣ – دوكانی سەوزە و میوەكان دەتوانن بە هۆكارەكانی گواستنەوەی وەك ( عەرەبانە و پیكاب و .... هتد ) بە كۆڵانەكانی ناو شاردا و دوور لە شەقامە سەرەكییەكان ، سەوزە و میوە بفرۆشن .
٤ – دوكانی گۆشت فرۆشەكان تەنھا رۆژی٢٠٢٠/٣/١٨ لەكاتژمێر ٦بەیانی تا١١ نیوەرۆ دەكرێنەوە لە ژێر چاودێری لیژنە ھاوبەشەكانی قائمقامیە ت وە پێویستە ھاولاتیان لەو كاتەی دیاری كراوە پیداویستیەكەیان بكرن چونكە دوای ئەو بەروارە دادەخرێت ، بە ڕەچاوكردنی ئەم خاڵانەی خوارەوە :
ێ‌- بە هیچ شێوەیەك قەرەباڵغی ڕێگەپێدراو نیە .
ب- لە كاتی وەستان و سەرەدا ، دەبێت نێوان كڕیارەكان لە ٢م كەمتر نەبێت .
ج- پێویستە ڕەچاوی سەرجەم ڕێنماییە تەندروستییەكان بكرێت ، كە لە بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی و بەڕێوەبەرایەتی ڤێتێرنەری و لیژنەكان دەردەچێت . وەك بەكارهێنانی دەمامك و دەستكێش و بە بەردەوامی مەوادی پاكژ كردنەوە بەكار بهێنن .
د- كڕیارەكان بە هیچ شێوەیەك بواری چوونە ناو دوكانی گۆشت فرۆشەكانیان نیە و دەبێت شریتی قردێلەیی دابنرێت بۆ جیاكردنەوەیان .
هـ- هەر دوكانێك پێویستە كەسێكی تایبەت ، بۆ وەرگرتن و ژماردنی پارە لە كڕیارەكان دابنێت .
وـ- بە پێچەوانەی ئەم ڕێنماییانەوە ، دوكانەكانیان دادەخرێت و ڕووبەڕووی ئیجرائاتی یاسایی دەكرێنەوە .
٥ – سەرجەم هەفتە بازاڕەكانی ناو شاری هەڵەبجە جگە ئەوانەی ناو بازاڕ ، كراوە دەبن، لەژێر چاودێری لیژنە ھاوبەشەكانی قایمقامیەت بە ڕەچاوكردنی سەرجەم ڕێكارە تەندروستییەكان و ئەم ڕێنماییانەی خوارەوە:
ێ‌- قەرەباڵغی ڕێگەپێنەدراوە .
ب- لە كاتی وەستاندا نێوان كڕیارەكان ٢م كەمتر نەبێت .
ج- پێویستە ڕەچاوی ڕێنماییە تەندروستییەكان بكرێت ، لە بەكارهێنانی دەمامك و دەستكێش و مەوادی پاكژ كردنەوە .
د- لە هەفتەبازاڕەكاندا ژمارەی كاشێرەكان پێویستە زیاد بكرێت ، بۆ خێراكردن و كەمكردنەوەی قەرەباڵغی .
هـ- بە پێچەوانەی ئەم ڕێنماییانەوە ، هەفتەبازاڕەكانیان دادەخرێت و ڕووبەڕووی ئیجرائاتی یاسایی دەكرێنەوە .
داواكارین خاوەن هەفتە بازاڕەكان هاوكاری كڕیارەكان بە پێدانی دەمامك و دەستكێش بكەن.
٦ - بە پێی بەیانی ژمارە ( ١٩ )ی ساڵی ٢٠٢٠ وەزارەتی ناوخۆی حكومەتی هەرێمی كوردستان ، هاتووچۆی ئۆتۆمبێل و ماتۆڕ بە هەموو شێوەیەك بۆ هەفتەبازاڕ و شوێنە ڕێگاپێدراوەكان قەدەغەیە و ڕووبەڕووی ئیجرائاتی یاسایی دەبنەوە .
تێبینی: لە كاتی دەرچوونی هەر بەیان و بڕیارێك ، كە لە وەزارەتی ناوخۆ دەدرێت ، ئەوا ئەو بڕیارە دەبێتە بڕیاری فەرمی .


شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group