ئەنجومەنی سەرتاسەری مامۆستایانی ناڕازیی هۆشداری بە دەسەڵاتدارانی هەرێم دەدات

30/03/2020

نەوا
ئەنجومەنی سەرتاسەری مامۆستایانی ناڕازیی كوردستان هۆشداری بە دەسەڵاتدارانی هەرێم دەدات و رایدەگەیەنێت، ئەوان لە ئەنجومەنی مامۆستایانی ناڕازی چاوەڕوانی گێڕانەوەی پاشەكەوت ودەستپێكردنەوەی پلە بەرزكردنەوەی فەرمانبەران بون.
ئەنجومەنەكە رایگەیاندوە، بەداخەوە چەند رۆژێكە دەنگۆی بڕینی دەرماڵەو كەمكردنەوەی مووچەكانمان، یان دابەشكردنی مووچە لە سیی ڕۆژ زیاتر دەبیستین، بۆیە لێرەوە ئاگاداری دەسەڵاتدارانی هەرێم ئەكەینەوە كە ئەو هەنگاوانە بەلای ئێمەی مامۆستایانەوە هێڵی سورەو قبوڵكراو نییە، لە ئەگەری وەها بڕیارێكی ستەمكارانەدا، بەدڵنییاییەوە سەرجەم شارەكانی هەرێمی كوردستان دەكەینە مەیدانی خەبات دژ بەوانەی چارەسەری هەموو گرفتە كەڵەكەبووەكانی هەرێم لەبڕین و پاشەكەوتی مووچەی فەرمانبەران و مامۆستایاندا دەبیننەوە.
ئاماژە بەوەشكراوە، بڕیاردەرانی ئەم ستەمكارییە نوێیەش بەرپرسیار دەكەن لەهەر پێشهات و روداوێكی نەخوازراو و پەككەوتنی پرۆسەی خوێندن.



شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group