ئەردۆغان نامەیەك بۆ مستەفا كازمی دەنێرێت و نیازی خۆی دەخاتەڕو

09/05/2020 عێراق

نەوا
رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆك كۆماری توركیا نامەیەكی ئاراستەی مستەفا كازمی سەرۆك وەزیرانی نوێی عیراق كرد و تێیدا تەئكیددەكاتەوە، لەوەی ئیرادەی ئەوەیان هەیە پەیوەندییەكانی نێوان هەردوو وڵات لەوەی ئێستا زیاتر پەرەپێبدەن.
نوسینگەی راگەیاندنی مستەفا كازمی لە بەیاننامەیەكدا بڵاویكردوەتەوە، ناوبراو نامەیەكی پیرۆزبایی بەبۆنەی وەرگرتنی متمانەی كابینەكەی لە پەرلەمانی عیراق، لەلایەن رەجەب تەیب ئەردۆغانەوە پێگەیشتوە.
ئەردۆغان لە نامەكەیدا باسی لەوەكردوە، حكومەتی كازمی لە ئەنجامی هەوڵە بەردەوامەكان بۆ پێكهێنانی دروستبو، بۆیە هیواخوازە خێر بێت بۆ گەلی عیراق و ناوچەكە. هەروەها ئەردۆغان متمانەی تەواوی خۆی بۆ سەركەوتنی حكومەتەكەی مستەفا كازمی پیشانداوە لەم بارودۆخە سەختەدا، كە نەك تەنها عیراق، بەڵكو جیهانیشی پێدا تێپەڕدەبێت.
هەروەها ئەردۆغان تەئكیدی لەوەشكردوەتەوە، توركیا پشتگیری یەكگرتویی و گەشەسەندنی عیراق دەكات و ئیرادەی ئەوەی هەیە پەیوەندییەكانی نێوان هەردوولا لەوەی ئێستا بەهێزتر بكرێت بەشێوەیەك خزمەتی گەلی هەردوو وڵاتی هاوسێ و هاوڕێ‌ بكات.


شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group