ئەندامێكی هێزە ئەمنییەكانی عیراق بەبڕێكی زۆر پارەی ساختەوە دەستگیر كرا

28/03/2023 عێراق
نەوا -
ئەندامێكی هێزە ئەمنییەكانی عیراق بە بڕێكی زۆر پارەی ساختە و چەند ناسنامەیەكی ساختەوە لە شاری بەغدا دەستگیر كرا، ئەوەش دوای دانانی بۆسە بۆی.
سەرچاوەیەكی ئەمنی بە میدیا عیراقییەكان وتووە، بە بڕیاری دادوەر هێزێكی ئەمنی توانیویانە كەسێك بە بڕێكی زۆر پارەی ساختەوە دەستگیر بكەن كە ئەندامی هێزە ئەمنییەكانە، ئەوەش دوای بەدواداچوون و دانانی بۆسە بۆی.
رونیشكراوەتەوە، كەسەكە، 30 هەزار دۆلاری جۆری 100 دۆلاری و 75 هەزاری جۆری 50 دۆلاری و 27 ملیۆن دیناری عیراقی جۆری 25 هەزار و 2 ملیۆنی جۆری 10 هەزاری و یەك ملیۆنی جۆری 50 هەزاری پێبووە، كە هەموویان ساختە بوون.
هەمان سەرچاوە جەختی لەوەش كردووەتەوە، هەروەها ئەو تۆمەتبارە ئامێرێكی هەژماركردنی پارە و 4 مۆبایل و ستامپێكی پارە و چەند ناسنامەیەكی ساختەی پێبووە، دوای دەستگیر كردنی رادەستی لایەنی تایبەتمەند كراوە.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group