نەوا-
بەفەرمی ئەنجامەكانی هەڵكۆڵینی شوێنەواری گردی بانەهێلك لە سۆران ئاشكرا كرا كە شارستانیەتێكی حەوت هەزار ساڵەیە.
بەگوێرەی راگەیەنراوێك، بەئامادەبونی رەجەب زوبێر قائیمقامی قەزای ناوەندی سۆران ئەنجامی یەكێك لەگرنگترین پڕۆژە شوێنەوارییەكانی هەرێمی كوردستانی راگەیەنراوە كە دەكەوێتە گردی شوێنەواری بانەهێلك لە قەزای ناوەندی ئیدارەی سۆران كە پرۆژەكە بە هاوكاری زانستی لەگەڵ زانكۆی ئۆتۆنۆموسی بەرشەلۆنەی ئیسپانیاو زانكۆی سەڵاحەدین لە هەولێر ئەنجامدراوە.
ئاماژەشكراوە، ئەم پڕۆژەیە بەشێك لە تەلارسازی و گلێنەسازی شارستانیەتێكی حەوت هەزار ساڵە ئاشكرا دەكات كە پێكهاتەی سەرسوڕهێنەر دەخاتە سەر بەشێك لە شێوازی ژیان و رێكخستن و بیركردنەوەی ئەو كەسانەی كە لەم ناوچەیەدا ژیاون لە هەزارەی پێنجەمی پێش زاییندا، لە سەرسوڕهێنەرترین دۆزینەوەكانی ئەم وەرزەی هەڵكۆڵینەكان پاشماوەی ورچی قاوەیی باڵەكایەتییە كە ورچێكی شاخاویی ناوچەكەیەو دەگەڕێتەوە بۆ هەمان سەردەم، هەروەها دۆزینەوەیەكە كە ئاماژە بەپەیوەندی كۆنی نێوان مرۆڤ و ژینگەی شاخاوی لەو سەردەمەدا دەكات.