نەوا-
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا رێنمایی گەشتكردنی بۆ عێراق نوێكردەوە و گەیاندییە بەرزترین ئاستی مەترسی كە ئاستی 4ـەو بە واتای قەدەخەكردنی گەشتكردن دێت.
لە هۆشدارییەكەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكادا هاتووە، تیرۆر، رفاندن، پێكدادانی چەكداری و نائارامیی مەدەنی بە شێوەیەكی بەربڵاو لە سەرتاسەری عێراقدا هەن و توانای حكومەتی ئەمریكا بۆ پێشكێشكردنی خزمەتگوزاریی فریاكەوتن بە هاووڵاتییانی "زۆر سنووردارە".
راگەیێندراوەكە جەخت دەكاتەوە: بە هیچ هۆكارێك گەشت بۆ عێراق مەكەن، و ئاماژە بە مەترسییەكانی وەك "هێرشی گرووپە تیرۆریستی و یاخیبووەكان، چالاكیی میلیشیا دژە ئەمریكییەكان و خۆپێشاندانی بەربڵاو دەكات"، كە زۆرجار تووندوتیژیی لێدەكەوێتەوە.
لە هۆشدارییەكەدا ئاماژە بەوەشكراوە، كە كارمەندانی باڵیۆزخانەی ئەمریكا رێگەیان پێنادرێت فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتیی بەغدا بەكاربهێنن.