نەوا-
بەرێوەبەری گشتی بازرگانی هەرێمی كوردستان ڕایگەیاند: ئاڵوگۆڕی بازرگانی لەنێوان كوردستان و وڵاتان لە دەروازە سنوورییەكان بەردەوامە و ئاساییە.
نەوزاد شێخ كامیل بەڕێوەبەری گشتی بازرگانی هەرێم لە كۆنفرانسێكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، ئاڵوگۆڕی بازرگانیی نێوان هەرێمی كوردستان و وڵاتان لە دەروازە سنوورییەكان بەگشتی بەردەوامە و ئاساییە، باسی لەوەشكرد، لە دەروازەی ئیبراهیم خەلیلەوە، كۆمپانیاكان بەردەوام كەلوپەلی خۆراك لە توركیاوە دێننە ناو كوردستان.
جەختی لەوەشكردەوە، كۆگاكانی هەرێمی كوردستان كە بە ستانداری نێودەوڵەتی دروستكراون، پڕ كراون لە كەلوپەلی خۆراك و دەتوانرێت بۆ ماوەیەكی درێژ خۆراك لەو كۆگایانە هەڵگیرێت و تێك نەچێت، بۆیە مەترسی لەسەر كەمبوونەوەی خۆراك لە هەرێمی كوردستان نییە، بەڵكو كۆگاكان لە تەواوی كوردستان پڕ كراون لە كەلوپەلی خۆراك.
هەروەها، نەوزاد شێخ كامیل داوای لە هاووڵاتییان كرد، بەپێی پێویستی خۆیان كەلوپەلی خۆراك بكڕن، ترسی ئەوەیان نەبێت كەلوپەلی خۆراك لە بازاڕەكان نەمێنێت، چونكە بەپێی ئەو پلانەی دایان ناوە لەگەڵ كەرتی تایبەت، ڕۆژانە كەلوپەلی خۆراكی زۆر دەخەنە بازاڕ و مۆڵ و ماركێتەكانەوە و ناهێڵین خۆراك لە بازاڕ كەمبێتەوە.