ئەنجومەنی وەزیران دەرچوانی كۆلێژی پزیشكی گشتی دامەزراند

19 کاتژمێر پێش ئێستا

نەوا-
ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان كۆبوەو تیایدا ئاشكرا كرا كە لەبارەی موچەی فەرمانبەرانی هەرێمەوە نامەیەك ئاڕاستەی دادگای فیدراڵی كراوە.
لەبارەی ناوەڕۆكی كۆبونەوەكەوە، مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان بڵاویكردوەتەوە، لە دەستپێكی كۆبونەوەكەدا ئاماژەمان بەبابەتی بڕینی موچەو شایستە داراییەكانی هەرێمی كوردستان لەلایەن بەغدا كردو جەختمانكردەوە كە بە هەمو شێوەیەك لە هەوڵ و كاركردنمان بەردەوامین بۆ چارەسەكردنی ئەم كێشەیەو بۆ ئەم مەبەستەش لەم یەك دوو رۆژەی دوایی نامەیەكمان بۆ دادگای فیدراڵی ناردوە سەبارەت بە نایاسایی و نادەستوریبونی بڕیاری بڕینی موچەو شایستە داراییەكانی هەرێمی كوردستان لەلایەن وەزارەتی دارایی فیدراڵەوە .
راشیگەیاندوە، هیواداین دادگای فیدراڵی لە وەڵامی نامەكەدا بڕیارێكی ئەرێنی و لە قازانجی خەڵكی كوردستان بدات بە تایبەتیش كە حكومەتی هەرێم هەمو پابەندییە دەستورییەكانی خۆی جێبەجێ كردوەو خوازیارە لە بەرامبەریشدا رێز لە مافە دەستورییەكانی بگیرێت و شایستە داراییەكانی بنێردرێت. 
مەسرور بارزانی لەبارەی بڕگەكانی كۆبونەوەكەی ئەنجومەنی وەزیرانەوە راشیگەیاندوە، هەرێم هەمیشە دژی شەڕو گرژی و وێرانكاری بوەو نابێتە مایەی هەڕەشە بۆ هیچ وڵاتێكی دراوسێ پشتیوانی هەمو هەوڵێكیش دەكەن بۆ چارەسەركردنی كێشەو گرفتەكان لە رێگەی گفتوگۆ و دانوستانەوە، هەروەها  ئەنجومەنی وەزیرانی پێشنیارێكی وەزارەتی ناوخۆی تایبەت بە لێخۆشبون لەسزای سەرپێچیی هاتوچۆ بەڕێژەی %20 بۆ شەش مانگی دیكە پەسەند كرد.
سەرۆكی حكومەتی هەرێم باسی لەوەشكردوە كە ئەنجومەنی وەزیران بڕیاری دامەزراندنی دەرچوانی كۆلێژی پزیشكی گشتی لەسەر میلاكی وەزارەتی تەندروستیدا.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group