نەوا-
روكاری ناوەوەو كۆڵانە سەرەكی و لاوەكییەكانی بازاڕی قەیسەری هەولێر نۆژەنكرایەوەو رادەستی خاوەنەكانیان كرا.
پارێزگای هەولێر بڵاویكردەوە، ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێر بە یاوەری جێگری پارێزگارو چەند بەرپرسێكی پارێزگاكە سەردانی بازاڕی قەیسەریی هەولێریان كرد كە بە بڕی نزیكەی 7 ملیار دینار لەسەر بودجەی پارێزگای هەولێر روكاری ناوەوەی بازاڕەكەو كۆڵانە سەرەكی و لاوەكییەكانی بەشێوازێكی ئەندازەیی و بەپێی ستانداردی پاراستنی شوێنە كلتورییەكان نۆژەنكراوەتەوەو كارەكانی بە كۆتا هاتوە، دوكانەكان رادەستی خاوەنەكانیان كراو بازاڕەكە كرایەوە.
ئەوەش باسكراوە، پارێزگاری هەولێر دوای بەسەركردنەوەی بازاڕەكە لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند كە لە دوای روداوی ئاگركەوتنەوەكەی ساڵی رابردو لە بازاڕی قەیسەریی هەولێر كە زیاتر لە 249 دوكان تێیدا سوتان و زەرەرمەندبون، ئێستا هەمو پێداویستییەكانی سەلامەتی بۆ دابینكراوە.
پارێزگاری هەولێر وتیشی، چەند بڕیارێكی دیكە لە پێناو ئاسانكاری بۆ كاسبكاران دراوە بە لێخۆشبونی كرێی ساڵێك و لێخۆشبونیان لە پارەی تابلۆو كۆكردنەوەی خۆڵ و خاشاك، %50ی باجی ساڵی 2023و %100ی ساڵی 2024 و بڕیاری لێخۆشبونیان بۆماوەی ساڵیك لە پارەی ئاو، كارەبا.