حزبە ئۆپۆزسیۆنەكان: چیتر حكومڕانی لەهەرێم بەم مۆدێلە ناتوانێت بەردەوام بێت

22 کاتژمێر پێش ئێستا

نەوا-
بەشێكی حزبە ئۆپۆزسیۆنەكان لەشاری هەولێر كۆبونەوەو لەراگەیەنراوێكی هاوبەشدا  بڵاویانكردەوە، چیتر حكومرانی هەرێمی كوردستان ناتوانێت بەم مۆدێلە بەردەوام بێت.
لەبەشێكی راگەیەنراوەكەی حەوت حزبی ئۆپۆزسیۆندا هاتوە، هەمو ئاماژەو قەیرانە هەنوكەییەكان ئەوە نیشان دەدەن چیتر حكومرانی هەرێم ناتوانێت بەم مۆدێلە بەردەوام بێت، چونكە وایكردوە لە ئاستی ناوخۆیی و لە پەیوەندی لەگەڵ دەسەڵاتی خۆسەپێنی بەغداش هەرێمی كوردستان روبەڕوی قەیرانی گشتگیر بكاتەوە. 
ئاماژەشیانكردوە، بوار بۆ گەشەپێدان و حوكمڕانی باش و دادپەروەری نەماوەتەوە تەنانەت ئاستی متمانەی هاووڵاتیانیش بە پرۆسەی سیاسی و كۆی ئەزمونی هەرێمی كوردستان لە خاڵی سفر نزیكبوەتەوە، ئەم كێشەو قەیرانانە تا ئاستی وەستانی ژیان كاریگەری لەسەر كۆمەڵگە هەبوە.
ئەو لایەنە ئۆپۆزسیۆنانە ئاماژەشیانكردوە، بەكارهێنانی دەسەڵاتی بەغدا وەك بیانویەكی ئامادە بۆ پەردەپۆشكردنی قەیرانە ناوەخۆیییەكان و بردنی سامانی سەر زەوی و ژێر زەوییە لەخزمەتی حزبە حكومڕانەكانەو بۆتە یەكێك لە بیانوەكانیان.
داواشیانكردوە، پەلە بكرێت لە چارەسەركردنی كێشەی دابەشكردنی موچەو داهاتی نەوت و نانەوتی ئاشكرا بكرێت.

شەپۆلەکانی نەوا

  • زۆرترین خوێندراو
  • دواترین هەواڵ
Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group