بەڕێوەبەری تۆماركردنی كۆمپانیاكان: لە ئێستادا دامەزراندنی كۆمپانیا لە هەرێم تەنیا سێ ڕۆژ دەخاێنێت
3 کاتژمێر پێش ئێستا
نەوا-
بەڕێوەبەری گشتیی تۆماركردنی كۆمپانیاكان لە هەرێم ڕایگەیاند، دوای دروستكردنی سیستمێكی نوێی تۆماركردنی كۆمپانیاكان و هەمواركردنی ژمارەیەك یاسا، ئێستا گەنجان زۆر بەئاسانی دەتوانن كۆمپانیای تایبەت بەخۆیان دابمەزرێنن و ببنە خاوەنی بزنسی تایبەت بە خۆیان.
بڵند محەمەد بەڕێوەبەری گشتیی تۆماركردنی كۆمپانیاكان لە لێدوانێكدا ڕاگەیاند، لە پێشوودا بەهۆی تێچووی زۆری تۆماركردن و دوورو درێژی ئەو ماوەیەی كە بۆ دامەزراندنی كۆمپانیایەك پێویست بوو، وایكردبوو گەنجان نەتوانن بەشداریی كارایان هەبێت و ببنە خاوەنی بزنسی تایبەت بە خۆیان، بەڵام دوای بەدواداچوونی ورد و توێژینەوەی دروست لە چوارچێوەی پلانی چاكسازی لە كۆمپانیاكاندا، سیستمێكی نوێی تۆماركردنی كۆمپانیاكان دانرا و یاساكانی پەیوەست بەم بابەتە هەمواركرانەوە.
بەڕێوەبەری گشتیی تۆماركردنی كۆمپانیاكان ئاماژەی بەوەشدا، پێشتر دامەزراندنی كۆمپانیا ماوەی دوو مانگی پێویست بوو، ئێستا تەنیا بە سێ ڕۆژ سەرجەم كارەكان تەواو دەكرێت، هەروەها ڕسوماتی تۆماركردنی كۆمپانیا، لە دوو ملیۆن دینارەوە بۆ تەنیا 163 هەزار دینار كەمكراوەتەوە، ئەمەش وایكرد، تەنیا لە ماوەی دوو ساڵدا، زیاتر لە حەوت هەزار كۆمپانیای نوێ دابمەزرێنرێن كە دەرفەتی كارسازی بۆ سەدان گەنج لە هەردوو ڕەگەز ڕەخساندووە.