دۆناڵد ترەمپ: ڕوخساری ناتاشا بۆ دەركەوتن لە شاشە گونجاو نییە

6 کاتژمێر پێش ئێستا جیهان

نەوا-
دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا، لە پێگەی تایبەتی خۆی لە تروس بڵاوی كردەوە، پێویستە ناتاشا بێرتراند لە كەناڵی(سی ئێن ئێن) دەربكرێت، چونكە هەواڵی ساختە بڵاو دەكاتەوە، هەروەها، ترەمپ دەڵێت: پێویستە سەرزەنشت بكرێت، دواتر وەك "سەگ فڕێ" بدرێتە دەرەوە.
سەرۆكی ئەمریكا، ئەو پەیامنێرە ئەمەریكاییەی بە بڵاوكردنەوەی زانیاریی نادروست لەبارەی بنكە ئەتۆمییەكانی ئێران، تۆمەتبار كرد و رایگەیاند، ئەو هەوڵی شێواندنی ئابڕووی فڕۆكەوانەكانمان دەدات كە ئەركێكی گرنگ و سەركەوتوویان بە وردیی جێبەجێ كرد.
باسی لەوەشكرد، ڕوخساری ناتاشا بۆ دەركەوتن لە شاشە گونجاو نییە، ئەو لەو كەسانەیە، ناوی تۆڕی هەواڵیی(سی ئێن ئێن)ـی شێواندووە كە پێشتر ناوێكی زۆر گەورە و پڕ بایەخ بوو.
ناتاشا بێرتراند، تەمەن 33 ساڵ، وەك پەیامنێری كەناڵی(سی ئێن ئێن)، ڕووماڵی جەنگی نێوان ڕووسیا و ئۆكرانیا، هەروەها هێرشەكانی ئیسرائیل بۆ سەر كەرتی غەززەكردووە، هەروەها، یەكەم پەیامنێرە، ڕاپۆرتێكی هەڵسەنگاندنی ئاژانسی هەواڵگریی ناوەندیی ئەمەریكا بڵاو دەكاتەوە لەبارەی ئاستی ئەو زیانانەی بەر بنكە ئەتۆمییەكانی ئێران كەوتووە لە هێرشەكانی 13ـی حوزەیران، كە تێیدا چەند پێگەیەكی گرنگیی تاران و ناوچەكانی دیكەی ئێران بۆمباران كران و لە ئەنجامدا ژمارەیەك لە فەرماندەی سەربازیی و زانای ئەتۆمیی ئەو وڵاتە كوژران.
لە وەڵامی ئەو قسانەی دۆناڵد ترەمپ، كەناڵی( سی ئێن ئێن) بەیاننامەیەكی لە ئێكس بڵاو كردەوە و تێیدا پشتیوانیی خۆی بۆ ناتاشا بێرتراند دووپات كردەوە و نوسیوویەتی "ئێمە بەڕێژەی سەدا 100 پشتیوانیی لە ناتاشا دەكەین، بەتایبەتیش لە ڕووماڵی هێرشی ئەمەریكا بۆ سەر بنكە ئەتۆمییەكانی ئێران."
سی ئێن ئێن دەڵێت: ڕاپۆرتەكەی ناتاشا، پشت بە ئەنجامە بەراییەكان دەبەستێت، گواستنەوەی ئەو زانیارییانە لەچوارچێوەی بەرژەوەندیی گشتیدایە.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group