وەزارەتی پەروەردە لەبارەی تاقیكردنەوە گشتییەكانی پۆلی 9 و 12 چەند بڕیارێكی راگەیاند

3 کاتژمێر پێش ئێستا

نەوا-
وەزارەتی پەروەردەی حكومەتی هەرێمی كوردستان فەرمانێكی وەزاریی نوێی بۆ ڕێكخستنی پرۆسەی تاقیكردنەوە نیشتمانییەكانی پۆلی 9ی بنەڕەتی و 12ی ئامادەیی دەركرد.
بەپێی فەرمانەكە كە واژۆی ئالان حەمەسەعید وەزیری پەروەردەی لەسەرە، بردنە ژوورەوەی هەر جۆرە مۆبایلێك بۆ ناو هۆڵەكانی تاقیكردنەوە لەلایەن سەرپەرشتیار و بەڕێوەبەر و چاودێرەكانەوە قەدەغەیە، جگە لەو مۆبایلە تایبەتەی بۆ بەڕێوەبەری هۆڵەكان دابینكراوە. 
هەروەها، وەزارەت هۆشداری دەدات كە هەر حاڵەتێكی لەو شێوەیە وەك هاوكاریكردن بۆ گزی هەژمار دەكرێت و سەرپێچیكار ڕووبەڕووی لێژنەی لێكۆڵینەوە دەكرێتەوە.
لە بریارەكە ئاماژە بەوەشدراوە، پێویستە پێش چوونە ژوورەوە پشكنین بۆ خوێندكاران بكرێت و هەبوونی هەر ئامێرێكی ئەلیكترۆنی، كاتژمێری زیرەك یان مۆبایل لەناو هۆڵدا بە گزی دادەنرێت و بە توندی مامەڵەی لەگەڵدا دەكرێت. 
هەروەها جەخت كراوەتەوە كە ئەگەر پەڕەی سۆمای خوێندكار بەبێ ناو بگەڕێتەوە، ئەوا نمرەكەی بە سفر هەژمار دەكرێت.
وەزارەتی پەروەردە بڵاوكردنەوەی پرسیارەكانی قەدەغە كردووە و ڕایگەیاندووە، هیچ چاودێر و سەرپەرشتیارێك مافی وێنەگرتن و بڵاوكردنەوەی پرسیارەكانی لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان نییە، لە كاتی بڵاوبوونەوەی هەر پرسیارێكیشدا، لە ڕێگەی میكانیزمێكی تایبەتەوە خاوەنی پەڕەكە و بەڕێوەبەری هۆڵەكە دەستنیشان دەكرێن و ڕووبەڕووی لێكۆڵینەوەی یاسایی دەكرێنەوە.
هاوكات، مامۆستایان و فەرمانبەران بۆیان نییە دوای تاقیكردنەوەكان پرسیار و وەڵامی پۆلی 12ی ئامادەیی بڵاوبكەنەوە، بەڵكو تەنها لێژنەی باڵای تاقیكردنەوەكان مافی دیاریكردن و بڵاوكردنەوەی وەڵامە نموونەییەكانی هەیە.
 وەزارەتەكە رونیشیكردۆتەوە، پرۆسەی تاقیكردنەوەكان پێویستی بە ڕووماڵی میدیایی نییە و وتەبێژی وەزارەت زانیاری و داتاكان بەبێ جیاوازی دەخاتە ڕوو بۆ هەموو میدیاكان.

شەپۆلەکانی نەوا

  • زۆرترین خوێندراو
  • دواترین هەواڵ
Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group