نەوا-
عەبدولقادر گولەچ سەرۆكی سەندیكای پارێزەرانی دیاربەكر لە وتاری دەستپێكی كۆنفرانسی پارێزەرانی كوردانی دیموكرات رایگەیاند، بۆئەوەی نەتەوەیەك خاوەن ماف بێت مەرج نییە دەوڵەتی هەبێت، بەڵام ئەمڕۆ 40 ملیۆن كورد بێ مافن و لەژێر ستەمێكی گەورەدان.
سەرۆكی سەندیكای پارێزەرانی دیاربەكر باسی لەوەشكرد، مافی زمان، كلتورو مێژو، مافی ئاسایی هەر نەتەوەیەكن تەنانەت گەر دەوڵەتیشیان نەبێت وەك یاساناسانی كورد دەبێت لەم كۆنفرانسەدا پێگەی گەلی كورد رون بكەنەوەو ستاتۆكەی دیاری بكەن.
گولەچ ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد، پێویستە كورد لە نێو كۆمەڵگەی خۆیدا بە زمانی دایك قسە بكات و هەوڵ بۆ بەدەستهێنانی مافی پەروەردە بە زمانی كوردی لە نێو سیستمەكەدا بدات، هەر پرۆسەیەكی ئاشتی ئەگەر لەسەر بنەمای یاساو دادپەروەری دانەمەزرێت، پرۆسەیەكی بەردەوام و پتەو نابێت، ئاشتیش تەنها بێدەنگبونی چەكەكان نییە، بەڵكو ئاشتی ئەوەیە مافی گەل بناسرێت، دادپەروەری جێبەجێ بكرێت و كۆمەڵگە لە نێو سیستمی سیاسیدا خۆی بە یەكسانی ببینێت.