نەوا-
بەپێی بەدواداچونێك هۆكاری نەناردنی موچەی مانگی حوزەیران بۆ هەرێم بۆ نەبونی پارەی كاش لەعیراق و نەناردنی داهاتی نانەوتی لەلایەن هەرێمی كوردستانەوە دەگەڕێتەوە.
لەوبارەیەوە سایتی فەرمی یەكێتی بەدواداچونێكی بۆ پرسی موچە كردوەو لەوبارەیەوە بڵاویكردوەتەوە، وەزارەتی دارایی فیدراڵ بە نیازە مانگانە لەگەڵ موچەی پارێزگاكانی دیكەی عیراق موچەی هەرێمی كوردستانیش بنێریت، بەڵام نەناردنی 120 ملیار دیناری داهاتی نانەوتی و نەبونی پارەی كاش كێشەی بۆ موچە دروستكردوە، لەكاتێكدا وەزارەتی دارایی هەرێم چەند جارێك بە فەرمی رایگەیاندوە توانای دابینكردنی 120 ملیار دینار مانگانەیان نییە بیدەنە عیراق، چونكە بەهۆی گرژییەكانی ناوچەكەو سیستمی ئەسیكۆداوە داهات كەمیكردوە.
ماڵپەڕە لەسەر زاری سروە محەمەد ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەران بڵاویكردوەتەوە، داهاتی نانەوتی هەرێم هەمیشە بوەتە كێشە بۆ موچەی موچەخۆران و ئەركی حكومەتی هەرێمە پابەندییەكانی جێبەجێبكات و پابەندی رێككەوتنەكان بێت.
وەزارەتی دارایی لە رۆژی 26/5 موچەی مانگی ئایاری دابەشكرد كە هاوكاتبو لەگەڵ جەژنی قوربان لە دوای ئەو بەروارەشەوە موچە دابەشنەكراوەو كاتی ناردنیشی لەلایەن بەغدادەوە دیار نییە.