نەوا-
سەڵاحەدین بابەكر وتەبێژی یەكگرتوی ئیسلامی كوردستان رایگەیاند، هەردوو لایەنی پارتی دیموكراتی كوردستان و یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان وەڵامێكی ئەرێنییان بۆ دەسپێشخەریی سەڵاحەدین بەهائەدین ئەمینداری گشتیی یەكگرتوی ئیسلامیی كوردستان هەبوە.
وتەبێژی یەكگرتوو راشیگەیاندوە: بڕیارە لە رۆژانی داهاتودا كۆبونەوەیەكی لوتكە لە نێوان پارتی و یەكێتی و سەرجەم ئەو لایەنانەی خاوەن فراكسیۆنن لە پەرلەمانی كوردستاندا ئەنجام بدرێت، ئامانجی سەرەكیی ئەم كۆبونەوەیە شكاندنی ئەو چەقبەستوییە سیاسیەیە كە ماوەیەكە هەرێمی كوردستانی گرتوەتەوە.
سەڵاحەدین بابەكر وتوشیەتی: بڕیارە لایەنەكان لەسەر میكانیزمێكی گونجاو رێكبكەون بۆ كاراكردنەوەی پەرلەمانی كوردستان و هەنگاو بنێن بەرەو پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتی هەرێم بە مەبەستی تێپەڕاندنی قەیرانەكان و جێگیركردنی سەقامگیریی سیاسی.