لە هەولێر 12شوێن كە نرخی دەمامكیان گران كردبوو داخران

23/02/2020

نەوا
بەسەرپەرشتی قایمقامی هەولێر و لێژنەی پشكنین وبەدواداچوون لە وەزارەتی تەندروستی و بەشی پۆلیسی شارەوانی بەشێوەیەكی مەیدانی لەنێو بازاڕی هەولێر بەدواداچوونیان بۆ گرانبوونی پێداویستییە پزیشكییەكان و دەمامك كرد و لێپێچینەوە لەو فرۆشیارانە كرا كە نرخی كاڵاكان زیاد دەكەن، قایمقامی هەولێر ئاماژەی بەوەكرد، لە هەرێمی كوردستان هیچ حاڵەتێكی تووشبوون بە ڤایرۆسی كۆرۆنا تۆمار نەكراوە و هەركەسێك دەمامك گران بكات، سزادەدرێت.
نەبەز عەبدولحەمید قایمقامی قەزای ناوەندیی هەولێر رایگەیاند،  دوای ئەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا لە ئێران سەری هەڵدا، رۆژی شەممە لیژنەی باڵای بەرەنگاربونەوەی نەخۆشیی كۆرۆنا لە هەرێمی كوردستان كۆبووەوە، یەكێك لە راسپاردەكانی ئەوە بوو كە لیژنەكان لە بازاڕەكاندا بەدواداچونی مەیدانی بكەن، لەبەر ئەوەی لەلایەن هاونیشتمانییانەوە خواستێكی زۆر لەسەر دەمامك هەبوو، لەكاتی گەڕان وبەدواداچوونەكانی 18 شوێن پشكنینیان بۆئەنجام درا 12شوێن داخران كە پێداویستیی تەندروستی و دەمامكیان گران فرۆشتووە و سەرپێچیی رێنماییەكانیان كردووە، ئەوەش بۆ ئەوەیە رێگە لەو كەسانە بگرن كە دەیانەوێت ئەو بارودۆخە بقۆزنەوە.
قایمقامی هەولێر ئاماژەی بەوەكرد هاونیشتمانییان دڵنیا دەكەنەوە كە تیمەكان بەدواداچوونی پێویست دەكەن وە ڕێگانادرێت بەهیچ كەس وبازرگانێك قۆرخكاری بكات بەپێچەوانەوە بەتوندترین شێوە بەپێی یاسا سزا دەدرێن.


شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group