نێچیرڤان بارزانی: گرژییەكانی ناوخۆی هەرێم بەرەو چارەسەركردن دەچن

20/04/2020

نەوا
نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان دوپاتیدەكاتەوە، گرژییەكانی ئەمدواییەی هەرێم ئەوەندە گەورە نەبوون و دڵنیایی دا بەرەو چارەسەر دەڕۆن، بوونی هێزەكانی پەكەكەشی لە هەرێمی كوردستان بە ناشەرعی وەسفكرد.
ئەمڕۆ سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان كۆبوەوە، گرژییەكانی ئەمدواییەی هەرێم، پێكهێنانی حكومەتی نوێی عیراق و هەروەها رێككارەكانی بەرەنگاربونەوەی كۆرۆنای تاووتوێ كرد.
دوای كۆبونەوەكە، نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان پرێس كۆنفرانسێكی ئەنجامدا و لەبارەی گرژییەكانی ئەمدواییەی هەرێمی كوردستان و پرسی ناردنی هێزی پێشمەرگە بۆ زینی وەرتێ، رایگەیاند، هیچ كێشەیەكی گەورە لەئارادا نەبو، پرسەكە گەورە كرا. دوپاتیشیكردەوە، بەرەو چارەسەری ئەو گرژی و ئاڵۆزییانە دەڕۆن و لەگەڵ یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانیشدا لەوبارەیەوە كۆدەبنەوە.
سەرۆكی هەرێم وتیشی "ئەو هێزەی نێردراوەتە زینی وەرتێ سەربە هێزی پێشمەرگە و وەزارەتی پێشمەرگەیە و تەنها بەهۆی دۆخی كۆرۆناوە نێردراون بۆ ناوچەكە، ئەگەر پێویست بكات و دۆخەكە باشتر ببێت، ئەو هێزەش لەوێ نامێنێت، لەكاتێكدا شیكاریی عەجیب و غەریب بۆ پرسەكە كرا و وەكو بڵێیت پرۆژەی ئەتۆمیی لێ دروستدەكرێت، بەڵام وا نییە و تەنها پەیوەندیی بە رێككاری كۆرۆناوە هەیە".
نێچیرڤان بارزانی بوونی پەكەكەشی لە خاكی هەرێمی كوردستان بە ناشەرعی وەسفكرد و وتی "هەرێمی كوردستان شوێنی كاری پەكەكە نییە و پێویستە خاكی هەرێم بەجێبهێڵن".
دووبارەش پشتگیریی سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان و تەواوی لایەنەكانی هەرێمی بۆ مستەفا كازمی دوپاتكردەوە لە پێكهێنانی حكومەتی نوێی عیراق، بەوپێیەی هەم پێشتر كازمی-یان ناسیوە و هەم لایەنە شیعییەكانیش رێككەوتون لەسەر كاندیدكردنی ناوبراو.
هەروەها سەرۆكی هەرێم وتی "شاندێك لە هەرێمی كوردستان و فراكسیۆنە كوردستانییەكان گفتوگۆ لەگەڵ كازمی ئەنجامدەدەن لەبارەی پێكهێنانی حكومەتەكەی و دەستەبەركردنی مافەكانی هەرێمی كوردستان".

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group