حكومەتی هەرێم لە بارەی موچەوە رونكردنەوە دەدات

22/04/2020

نەوا
ئەمڕۆ چوارشەممە 2020/4/22 ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان بە سەرپەرشتی مەسرور بارزانی سەرۆكی ئەنجومەنی هەرێمی كوردستان و بەشداربوونی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران كۆبووەوە.

لە سەرەتای كۆبوونەكەدا  كە لە رێگەی ڤیدیۆ كۆنفرانسەوە ئەنجام درا، سەرۆك وەزیران بەناوی ئەنجومەنی وەزیرانەوە سوپاسی خۆڕاگریی و پابەندبوونی خەڵكی هەرێمی كوردستانی كرد بە رێكارەكانی خۆپارێزی و رێنماییە تەندروستییەكان كە خۆشبەختانە كۆنترۆڵكردنی ڤایرۆسەكە  قۆناخی زۆر باش وپێشكەوتووی بڕیوە و ئەزموونی هەرێمی كوردستان لە رووبەڕووبوونەوەی ڤایرۆسەكە، بە یەكێك لە سەركەوتووترین نموونەكانی خۆپارێزیی دادەنرێت لە جیهان، بەڵام هێشتا مەترسیەكانی كۆرۆنا كۆتاییان نەهاتووە و داواكارین لە خەلكی هەرێم بەردەوام بن لە پابەندبوون.

ئەنجومەنی وەزیران جەختیشی لە سەر گرنگیی بەردەوامبوونی رێكارەكانی خۆپارێزیی كردەوە و قۆناغەكانی ئاسایی كردنەوەی ژیانی خەڵكیش بەردەوام دەبێت كە تا ئێستا پارێزگاكان و ئیدارەكان لەمڕووەوە هەنگاوی باشیان ناوە بە رەچاوكردنی ڕێكارەكانی خۆپارێزیی.

ئەنجومەنی وەزیران پیرۆزبایی لە موسڵمانانی هەرێمی كوردستان دەكات بە بۆنەی هاتنی مانگی پیرۆزی رەمەزان، جەختیشی كردەوە لە پێناوی پاراستنی گیانی ھاووڵاتیان بڕیاردرا كە دەرگای مزگەوت وكڵێسا و شوێنەكانی دیكەی عیبادەت بەداخراوی بمێنێتەوە ھاوشێوەی ناوەندەكانی خوێندن، لەهەمانكاتدا سوپاسی مامۆستایانی ئایینیش دەكات بۆ پابەندبوونیان.

پاشان گفتوگۆ دەربارەی ئەنجامی سەردانی شاندی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە ڕۆژانی 19-21ی نیسانی 2020 بۆ بەغدا كرا و ئاماژە بەوەدرا كە گفتوگۆكردن لە گەڵ حكومەتی فیدڕاڵی بەردەوامە بۆ ناردنی بەشە مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان هاوشێوەی مانگەكانی پێشوو، لە هەمانكاتیشدا حكومەتی هەرێم پابەند بوونی خۆی دووپات دەكاتەوە  بەو لەیەكتێگەیشتنە هاوبەشەی كە لە كۆتایی 2019 لە گەڵ وەزارەتەكانی نەوت و دارایی و پلاندانانی عێراق ئەنجامیدا لە چوارچێوەی پڕۆژە یاسای بودجەی عێراق بۆ ساڵی 2020 كە هەرێمی كوردستان ئامادەیە بۆ جێبەجێكردنی ئیلتیزامی نەوتی خۆیی لە بەرامبەر دابینكردنی شایستە داراییەكانی وەك لەو لێكتێگەیشتنە هاوبەشە هاتووە.

لە هەمانكاتدا ئەنجومەنی وەزیران جەختی كردەوە كە بەردەوام دەبین لە هەوڵەكانمان بۆ دابینكردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان .   دواكەوتنی مووچەش لە دەرەوەی ویستی حكومەتی هەرێمە و هۆكارەكەی دەگەڕێتەوە بۆ لێكەوتە داراییەكانی دابەزینی نرخی نەوت  و ڕێكارەكانی خۆپارێزیی لە كۆرۆنا كە تەواوی جیهانی گرتووەتەوە ، ئەمە سەرەڕای دواكەوتنی تەمویلی بەشە مووچەی هەرێم لە لایەن بەغداوە.

ئەنجومەنی وەزیران داوا لە حكومەتی فیدراڵی عێراق دەكات پابەندبوونەكانی خۆی بەرامبەر بە هەرێم و مافە دەستوورییەكانی جێبەجێ بكات و ، لە بەارمبەریشدا هەرێمی كوردستان ئامادەیە پابەندییە دەستووریەكانی خۆی بەرامبەر حكومەتی فیدڕاڵی بەجێبهێنێت.


شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group