بێریڤان دۆسكی: رێژەی كورد لە وەزارەتی دەرەوەی عیراق زۆر كەمە

30/04/2020

نەوا
راوێژكارێكی وەزارەتی دەرەوەی عیراق باس لەوەدەكات، رێژەی كورد لەو وەزارەتە زۆر كەمە و بە خانەنشین بوونی ئەوانەی ئێستا وەك باڵیۆز و دیپلۆمات كاردەكەن، رێژەكە زۆركەمتریش دەبێتەوە.
د.بێریڤان دۆسكی راوێژكار لە وەزارەتی دەرەوەی عیراق كە وەك دیپلۆمات لە چەند وڵاتێك كاری كردووە، لە میانی گفتوگۆی "پانۆڕامای نەوا"دا رایگەیاند، لە ئێستادا وەزارەتی دەرەوەی عیراق نزیكەی چوار هەزار كارمەند و فەرمانبەری هەیە، بەڵام رێژەی كورد هەر زۆر كەمە.
وتیشی "پاش خانەنشینبونی ئەو كەسانەی لە دوای ساڵی 2006ەوە دەستبەكاربوون، رێژەكە زۆر كەمتریش دەبێتەوە، چونكە لەدوای وەجبەی ئەوان ئەو كوردانەی لە وەزارەتی دەرەوە وەرگیراون زۆركەمن و پێویستە كورد گرنگی زیاتر بە پرسی ئامادەبوونی لە وەزارەتی دەرەوە و بواری دیپلۆماسی بدات".
د.بێریڤان دۆسكی كە هاوكات سەرۆكی شانازی پێنی كوردە كە سەر بە پێنی نێودەوڵەتییە، ئەو بوارە لە كایەی رۆشنبیریشی بە جۆرێك لە دیپلۆماسی ناوبرد و سەبارەت بە گرنگی پێنی كورد وتی "بەهۆی ئەوەی پابەندی هیچ لایەنێكی سیاسی نییە، توانیویەتی لە هەر چوار بەشی كوردستان ئەندامی نوسەر و رۆژنامەنوسی هەبێت و توانیویەتی لە ئاستی نێونەتەوەییدا زۆر كاری دیپلۆماسی هێژا بكات، بۆ نمونە بەدەیان نوسەر و رۆژنامەوان لە توركیا ئازادكراوە، ئەوەش بە هەوڵی پێنی كورد بە هاوكاری پێنی نێونەتەوەیی بوە".
رونیشیكردەوە، پێنی نێودەوڵەتی قورساییەكی زۆری بە پێنی كوردی بەخشیوە، چوونكە پێنی كورد لە لای پێنی نێودەوڵەتی متمانەی دروست كردووە، هەر كاتێكیش رۆژنامەنوس یان نوسەرێكی كورد دەگیرێت، ئەوان لە پێنی كورد پەیوەندی بە پێنی نێودەوڵەتی دەكەن و دەستبەجێ ئەو رێكخراوە نێودەوڵەتیە كەمپین سازدەكەن و نامە بۆ ئەو حكومەتە دەنێرن كە ئەو نوسەر و رۆژنامەنوسەی گرتووە، بۆ ئەوەی ئازادی بكەن.


شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group