پەرلەمانتارێك: دەنگدانی كورد بە كازمی كاریگەری باشی دەبێت لەسەر گفتوگۆكان

08/05/2020

نەوا
بەوتەی پەرلەمانتارێكی كورد هەولێر و بەغدا بەردەوامن لە گفتوگۆكانیان و بڕیارە گفتوگۆی نێوانیان بەردەوام بێت و دوای پێكهێنانی حكوومەتی عیراقیش پەیوەندیی هەردوولا لەسەر شێوەی گفتوگۆ و بەشداریكردن بەردەوامیی پێ دەدرێت.
شێروان دووبەردانی ئەندامی فراكسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عیراق بە ماڵپەڕی فەرمی حزبەكەی راگەیاندووە: "گفتوگۆی هەولێر و بەغدا بەردەوامیی دەبێت تا دەگەنە دەرەنجامێكی دروست، ئێستا ڕاستە حكوومەت پێك هێنراوە، بەڵام دەرەنجامی گفتوگۆی ڕابردووش كاریگەریی هەیە و چاوەڕوانن تا بزانن شێوەی گفتوگۆكان لەگەڵ بەغدا چۆن دەبێت، چونكە ڕەنگە بە وەرگرتنی پۆستی سەرۆكوەزیران، سەرۆكوەزیر دۆسیەی گفتوگۆی بكەوێتە دەست".
رایشیگەیاند: "ئەوەی وەك كورد بەلامانەوە گرنگە،‌ ئەوەیە كە مافە دەستوورییەكانمان پێ بدرێت و ڕێككەوتنی كۆنكرێتی بكرێت لەبارەی بودجە و پێشمەرگە و پرسی ماددەی 140 .
لای خۆشیەوە جەمال كۆچەر سەرۆكی فراكسیۆنی یەكگرتووی ئیسلامیی كوردستان لە پەرلەمانی عێراق باسی لەوەكرد، كە دەنگدانی كورد بە كابینەی كازمی كاریگەریی باشی دەبێت لەسەر گفتوگۆی هەولێر و بەغدا و ئێستاش دۆسیەی حكوومەت كەوتە دەست كازمی، بۆیە ڕەنگە گفتوگۆكان لەگەڵ كازمی بكرێت.
وتیشی: "دەبێت هەرێم لە گفتوگۆ بەردەوام بێت، ڕەنگە ئەم حكوومەتە بۆچوونی نوێی پێ بێت،  حكوومەتی پێشوو‌ قفڵ ببوو، نەیدەتوانی بڕیار بدات".


شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group