سه‌رۆكی هه‌رێم و باڵیۆزی هۆڵه‌ندا باسى دۆخی رۆژنامه‌گه‌ری و ئازادی ڕاده‌ربڕین ده‌كه‌ن

23/02/2021 عێراق

نه‌وا
سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان له‌گه‌ڵ باڵیۆزی هۆڵه‌ندا له‌ عێراق باسیان له‌چه‌ند بابه‌تێك كرد له‌وانه‌ دۆخی ڕۆژنامه‌گه‌ری و ئازادیی ڕاده‌بڕین له‌ عێراق و هه‌رێمی كوردستان . 
به‌گوێره‌ی راگه‌یه‌نراوی سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم، نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان، پێشوازی له‌ مایكل ڕێنته‌نار باڵیۆزی هۆڵه‌ندا له‌ عێراق كرد و تاوتوێى چه‌ند بابه‌تێكیان كرد له‌وانه‌، بره‌ودان به‌ په‌یوه‌ندییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان و عێراق له‌گه‌ڵ هۆڵه‌ندا، و ده‌رفه‌تی وه‌به‌رهێنان و سه‌رمایه‌گوزاریی بیانی له‌ هه‌رێمی كوردستان و عێراق، و ڕۆڵی هۆڵه‌ندا له‌ چوارچێوه‌ی هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵه‌تی دژی داعش، وگفتوگۆی هه‌ولێر ـ به‌غدا بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كانیان و پشكی هه‌رێمی كوردستان له‌ بودجه‌ی گشتیی عێراق.
نێچیرڤان بارزانی سوپاس و پێزانینى هه‌رێمی كوردستانى بۆ پشتگیری و هاوكاریه‌كانی هۆڵه‌ندا له‌ چوارچێوه‌ی هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵه‌تی دژی داعش ده‌ربڕى و به‌پێویستى زانى ئاسانكارى بكرێت بۆ ڕه‌خساندنی زه‌مینه‌یه‌كی له‌بارتر بۆ ڕاكێشانی وه‌به‌رهێنان و سه‌رمایه‌گوزاری بیانی بۆ عێراق و هه‌رێمی كوردستان.
له‌به‌یاننامه‌كه‌دا هاتوه‌، هه‌ردولا باسیان له‌ دۆخی ڕۆژنامه‌گه‌ری و ئازادى ڕاده‌بڕین له‌ عێراق و هه‌رێمی كوردستان، و هه‌ڵبژاردنه‌كانی داهاتوو، و پرۆسه‌ی چاكسازی، پاراستنی ئارامی و سه‌قامگیری له‌ عێراق و ڕێكار و هه‌وڵه‌كان بۆ باشتركردنی دۆخی ئابوریی كردوه‌.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group