نێچیرڤان بارزانی بۆ ئۆغڵو: بۆ سەرخستنی ئاشتی ئامادەی هەمو هاوكارییەكین

9 کاتژمێر پێش ئێستا

نەوا-
نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان و ئەحمەد داود ئۆغڵو سەرۆك وەزیرانی پێشوتری توركیاو سەرۆكی پارتی ئاییندەی توركیاو شاندێكی یاوەری كۆبونەوە.
بەگوێرەی راگەیەنراوێكی سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان، لەو كۆبونەوەیەدا پەیوەندییەكانی توركیا لەگەڵ عیراق و هەرێمی كوردستان، پرۆسەی ئاشتی لە توركیا، سەردانی ئۆغڵو بۆ ناوچە جیاكانی عیراق و هەرێمی كوردستان و دۆخی ناو‌چەكە بەگشتی تاوتوێ كراون.
راشگەیەنراوە، هەردوولا پرۆسەی ئاشتیان لە توركیا بە هەنگاو و دەرفەتێكی مێژویی لەقەڵەمداوە كە دەبێت لەدەست نەدرێت و هەموان هاریكاربن بۆ سەرخستنی پرۆسەكەو بەدیهاتنی ئاشتی، لەمبارەیەوە داكۆكیان لە رۆڵی یارمەتیدەرانەی هەرێمی كوردستان بۆ سەرخستنی پرۆسەكە كردوە.
هەرلەوبارەیەوە نێچیرڤان بارزانی هەڵوێستی هەرێمی كوردستانی بۆ پشتگیریی تەواو لەپرۆسەكەو سەرخستنی دوپاتكردوەتەوەو ئامادەیی نیشانداوە بۆ هەمو هاوكارییەكی پێویست لەپێناو سەرخستنی ئاشتیدا، هەروەها باسی لە گرنگی ئاشتی و لێكەوتە ئەرێنییەكانی بۆ توركیاو تەواوی ناوچەكە كردوە.
لای خۆشیەوە داود ئۆغڵو ستایشی پەیوەندییەكانی توركیای لەگەڵ عیراق و هەرێمی كوردستان كردوەو برەودانی پەیوەندییەكان و فراوانكردنی هاریكاریی هاوبەشی نێوانیانی بە مایەی بایەخ و گرنگی بۆ ئێستا و داهاتوی هەردولا لە قەڵەمداوە.

شەپۆلەکانی نەوا

  • زۆرترین خوێندراو
  • دواترین هەواڵ
Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group