سەرچاوەیەك بۆ بغداد الیوم: بەناردنی داهاتی نانەوتی مەرجەكەی تەیف سامی نەهاتوەتەدی

10 کاتژمێر پێش ئێستا

نەوا-
وەزارەتی دارایی عیراق مەرجی داناوە بۆ خەرجكردنی موچەی مانگی 5ی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان ئەویش بە ناردنی داهاتی نانەوتیە بەبڕێك كە خۆی دیاریكردوە.
سەرچاوەیەك لەحكومەتی هەرێمی كوردستان بە سایتی (بغداد الیوم)ی راگەیاندوە، وەزارەتی دارایی پێش جەژنی قوربان موچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان خەرج دەكات، بەڵام بەو مەرجەی  داهاتی نانەوتی بنێردرێت و بڕكەشی نابێت لە 70 ملیار دینار كەمتر بێت.
ئەو سەرچاوەیە وتوشیەتی: پێشتر تەیف سامی وەزیری دارایی رەتیكردوەتەوە موچە بنێرێت تاكو داهاتی نانەوتی و لیستی موچەیان بەدەست نەگات، ئێستاش كە وەزارەتی دارایی هەرێم بڕی زیاتر لە 50 ملیار دیناری ناردوە بەو پێیە ئەو بڕە كەمترە كە وەزارەتی دارایی وەك مەرج بۆ ناردنی موچە دایناوە كە 70 ملیار دینار بوە.
پێشتر وەزارەتی دارایی هەرێم بڵاویكردەوە زیاتر لە 50 ملیارو 500 ملیۆن دیناریان رەوانەی گەنجینەی عیراق كردوە، هاوكات لەچەند رۆژی رابردودا مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان لە وتەیەكدا رایگەیاند، چیتر قبوڵ ناكەن موچەی مانگەكانی داهاتو وەك پێشتر دوابخرێت، چونكە هەرێمی كوردستان لە برساندا شۆڕشی نەكردوەو كورد دەرۆزەكەر نییە لەبەردەرگای بەغدادا.

شەپۆلەکانی نەوا

  • زۆرترین خوێندراو
  • دواترین هەواڵ
Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group