نەوا-
ئەنجومەنی باڵای دادوەریی عیراق هۆشداری دەداتە حزب و كاندیدەكانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عیراق لە بەكارهێنانی زمانێك كە پێچەوانەی یاساو دەستورە.
ئەنجومەنی باڵای دادوەریی عیراق لە راگەیەنراوێكدا بڵاویكردوەتەوە، لەگەڵ نزیكبونەوەی هەڵبژاردنەكانی ئەنجومەنی نوێنەران، تێبینیانكردوە بەشێك لە كاندیدەكان لە بۆنەو كۆبونەوەكانی بانگەشەی هەڵبژاردندا دەردەكەون و زمانێك بەكاردەهێنن كە لە روی یاساییەوە قبوڵكراو نیە كە دەبێتە هۆی نانەوەی دوبەرەكی لەنێوان هاوڵاتییەكانی وڵاتدا، یاخود سوكایەتی بەكاندیدەكانی دیكە لە دەرەوەی چوارچێوەی بانگەشەی هەڵبژاردنەكاندا دەكەن بە مەبەست بێت یاخود بەبێ مەبەست.
ئەنجومەنی باڵای دادوەریی عیراق راشیگەیاندوە، ئەم رەفتارانە پێچەوانەی دەستورو یاساو رێسا كارپێكراوەكانەو هۆشداریان دەدەینێ لەئەگەری رێگریكردنیان لەبەشداریكردن لە هەڵبژاردنەكاندا، بۆیە داوا لە هەمو كاندیدەكان حزبەكانیان دەكەین خۆیان لەم جۆرە وتارو لێدوانانە بەدور بگرن كە بەوردی چاودێرییان دەكەن هەروەها رێكاری یاساییش بەرامبەر ئەو كەسانە دەگیرێتەبەر كە بەو جۆرە لێدوان بدات.