نەوا-
وەزیری دەرەوەی عێراق رایگەیاند، ئەوەی ئێستا بەغدا دەیكات دەستدرێژییە بۆ سەر دەسەڵاتەكانی هەرێم.
فوئاد حسێن وەزیری دەرەوەی عێراق لە چاوپێكەوتنێكیدا لەگەڵ كەناڵی "الشمس" رایگەیاند، "لەڕووی دەستوورییەوە، كاری بەغدا نییە مووچە بدات بە فەرمانبەرانی هەرێم، دەبێت پشكی هەرێم بنێرێت، ئەو كارە پەیوەستە بە حكومەتی هەرێم، بۆیە ئەوەی بەغدا دەیكات دەستدرێژییە بۆ سەر دەسەڵاتەكانی هەرێمی كوردستان.
باسی لەوەشكرد، لێكگەیشتنێكی روون هەیە لەبارەی رادەستكردنی نەوت بە بەغدا، ئەمە چارەسەرێكی كاتییە و تاكۆتایی ئەمساڵە، چارەسەری هەمیشەیی دەبێت لە رێگەی یاسای نەوت و غازە بێت.
فوئاد حسێن ئاماژەی بەوەشدا، كورد لەسەر بنەمای دەستوور لێكدانەوە بۆ كێشەكان دەكات، لە بەغداش پشتیان بە یاساكان بەستووە، زۆرینەی یاساكانیش یاسای كۆنن و ناوەندین.
وەزیری دەرەوەی عێراق جەختی لەوەكردەوە، عێراق نایەوێت ببێتە بەشێك لە بەرەكانی جەنگ، یەكخستنی بەرەكانی جەنگ كاری ئەوانی ترە نەك عێراق.