نەوا-
كۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق ڕایگەیاند، تیروپشك بۆ پێدانی ژمارە بە كاندیدەكان ناكرێت و حزب و لایەنە سیاسییەكان خۆیان ئەو ئەركە لە ئەستۆ دەگرن.
جومانە غەلای وتەبێژی كۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق، ڕایگەیاند: پرۆسەی وردبینی بۆ ناو و سیڤی كاندیدان كۆتایی هاتووە و لە ئەنجامدا 199 كاندید گۆڕانكارییان پێ كراوە، هەروەها 70 كاندیدی دیكەش دوورخراونەتەوە.
ئاماژەی بەوەشدا، بەشێك لەو كاندیدانەی دورخراونەتەوە بەهۆی نەبوونی بڕوانامەی خوێندنەوە بووە و لە شوێنیان كاندیدی دیكە دانراون، هەندێكی تریان بەهۆی ئەوەی مەرجەكانی كاندیدبوونیان تێدا نەبووە دوورخراونەتەوە".
بە وتەی وتەبێژی كۆمیسیۆن، لە نلو ئەو كەسانەی دوورخراونەتەوە یان گۆڕاون، شەش كاندیدی سەربەخۆ و شەش كاندیدی مەسیحی بوونیان هەیە، هەروەها 97 كاندیدی دیكە بەهۆی نەبوونی بڕوانامە دوورخراونەتەوە.
سەبارەت بە شێوازی پێدانی ژمارە بە كاندیدەكان، جومانە غەلای ئاماژەی بەوەدا كە كۆمیسیۆن تیروپشك ئەنجام نادات، بەڵكو حزب و قەوارە سیاسییەكان خۆیان ژمارە بە كاندیدەكانیان دەدەن.