نەوا-
دوای تێپەربەنی 11 مانگ بەسەر هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان و پێكنەهێنانی حكومەت، رێكخراوی ستۆپ بۆ چاودێری و پەرەپێدان، ڕاپۆرتێكی لەوبارەیەوە بڵاوكردوەتەوە .
رێكخراوی ستۆپ راپۆرتێكی لەسەر پێكهێنانی كابینەی دەیەمی حكومەتی هەرێم بڵاوكردوەتەوە و تێیدا هاتوە، لە دوای بە دواداچونەكانیان دەركەوتوە، دواكەوتنی پێكهێنانی كابینەی دەیەم ریكۆردی شكاندوە لە چاو پێكهێنانی نۆ كابینەكەی رابردودا.
لە ڕاپۆرتەكەی ڕێكخراوەكەدا هاتوە، بەپێی یەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمانی كوردستان پێویست بو لەسەرەتای ئەمساڵ لە پەرلەمانی كوردستان متمانە وەربگرێت، بەڵام بەهۆی پێكنەهاتنی لایەنە سەرەكیەكانی پەرلەمان، پرۆسەكە بە پەیڕەویەكانی خۆیدا تێنەپەڕێوە.
ئاماژەیان بەوەشكردوە، ئەم دواكەوتنە لێكەوتەی زۆری لە پەكخستن و لاوازكردنی رۆڵی دامەزراوەكانی چاودێری و پرسی شەفافییەت هەیە، لەكاتێكدا ئەم راپۆرتە دەریخستوە كە خێراترین پێكهێنانی كابینە (كابینەی یەكەم)ی حكومەتی هەرێم بوە، كە لەماوەی كەمتر لە سێ مانگ پێكهێنراوە.
بە گوێرەی ڕاپۆرتی ڕێكخراوەكە لەهەموشیان دواكەوتو تر پێكهێنانی كابینەی دەیەمە كە تا ئێستا پێكنەهێنراوە و ماوەی دواكەوتنەكەی زیاترە لە سێ هێندەی كابینەی یەكەم و لە چاو كابینەكانی دیكەشدا ڕیكۆردی شكاندوە.