ئونروا: غەززە بوەتە دۆزەخی سەر زەوی

7 رۆژ پێش ئێستا جیهان

نەوا-
ژمارەی كوژراوان و قوربانیانی غەززە بەهۆی هێرشەكانی ئیسرائیل و دروستبونی قەیرانی خۆراك تا دێت زیاد دەبێت، تائێستاش هیچ بەرچاوڕونیەك نیە بۆ كۆتاییهاتنی ململانێكان.
ئاژانسی فرانس پرێس بڵاویكردۆتەوە، وەزارەتی تەندروستی غەزە رایگەیاندوە، لە ماوەی 24 كاتژمێری رابردودا لانیكەم 72 فەلەستینی بەهۆی تەقەو هێرشە سەربازییەكانی ئیسرائیلەوە كوژراون، هەروەها سەرۆكی ئاژانسی نەتەوە یەكگرتوەكان بۆ بەهاناوەچون و كارپێكردنی پەنابەرانی فەڵەستین (ئونروا) دۆخی غەززەی بە (دۆزەخی سەر زەوی) ناوبردوە.  
رێكخراوی نەتەوە یەكگرتوەكان دەڵێت، لە 27ی ئایارەوە زیاتر لە هەزار كەس لەلایەن سوپای ئیسرائیلەوە لەكاتی هەوڵدان بۆ بەدەستهێنانی خۆراك كوژراون، بەپێی ئامارەكانی وەزارەتی تەندروستی غەززەش لە ماوەی 48 كاتژمێری رابردودا نزیكەی 33 كەس بەهۆی بەدخۆراكییەوە گیانیانلەدەستداوە كە 12یان منداڵن.
هاوكات سوپای ئیسرائیل رایگەیاندوە: گواستنەوەی یارمەتییە مرۆییەكان بۆ غەززە وەك بابەتێكی گرنگ دەبینن و كاردەكەن بۆ ئاسانكاری چونە ژورەوەی هاوكارییەكان بە هەماهەنگی لەگەڵ كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی.
جێی ئاماژەیە لە ئاستی نێودەوڵەتیدا ئیدانەی كوشتنی بەكۆمەڵی خەڵكی سڤیل و سەختی بارودۆخی ژیان لە غەززە كراوە، بەڵام تائێستا هیچ كارێك نەكراوە بۆ ئەوەی ململانێكان بوەستێت، سەرۆكی رێكخراوی نەتەوەیەكگرتوەكانیش وتویەتی دوا هێڵەكانی ژیانی غەززە بەرەو داڕمان دەڕوات.

شەپۆلەکانی نەوا

  • زۆرترین خوێندراو
  • دواترین هەواڵ
Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group