نەوا-
سەرۆكایەتی ئەركانی وەزارەتی پێشمەرگە لەسەر دابەشكردنی زەوی رونكردنەوەیەكی بڵاوكردەوەو رایگەیاندوە، مەرج نیە ئەوەی فەرمانی بۆ دەرچوبێت زەوی پێبدرێت بەڵكو ناوەكان وردبینی دەكەن.
سەرۆكایەتی ئەركانی وەزارەتی پێشمەرگە بڵاویكردوەتەوە، كۆبونەوەیەكیان لەگەڵ وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار ئەنجامداوە، دەستخۆشی تەرخانكردنی پارچە زەوی نیشتەجێبونیانكردوە بۆ ئەو ئەفسەرو پلەدارو پێشمەرگانەی وەزارەت و فەرماندەیی هێزەكانی (70 و 80) كە بەهۆی خزمەتەوە شایستەبون بۆ وەرگرتنی زەوی.
ئاماژەشیكردوە، ئەو لیستانەی بڵاو كراوەنەتەوە رەزامـەندی سەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیرانی بۆ وەرگیراوە بۆ تەرخانكردنی پارچە زەوی، مەرج نییە هەر پێشمەرگەیەك كە رەزامەندی هەبێت زەوی پێبدرێت لەبەرئەوەی لە دوای وردبینیكردن لە لیستەكان تایبەت بەو ناوانەی كە پێشتر سودمەند بون ناوەكانیان دەردەكرێت و مافی وەرگرتنی زەویان نییە.
سەرۆكایەتی ئەركانی پێشمەرگە ئاماژەشیكردوە، لەكاتی پڕكردنەوەی فۆڕم لەلایەن فەرمانگەی یاسایی (بەڵێننامە) دراوە كەسەكە پێشتر سودمەند نەبوە، لەو حاڵەتەدا هەر ئەفسەرو پلەدارو پێشمەرگەیەك گەر بەڵێننامەی دابێت و پێشتر سودمەند بوبێت لێپێچینەوەی یاسایی و كارگێڕی و دارایی بەرامبەر دەگیرێتەبەر بۆ ئەم مەبەستەش لە چەند رۆژی داهاتودا لیستی ناوی سودمەند بوان كە وردبینیكراوە دەگاتە وەزارەتی پێشمەرگە، دەرفەتێكیش دەدرێت بەو ناوانەی كە پێشتر سودمەند بون بەشێوەیەكی فـەرمی وەزارەتی پێشمەرگە ئاگادار بكەنەوە بۆئەوەی توشی لێپێچینەوەی یاسایی و كارگێڕی و دارایی نەبنەوە.